بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان، رایگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە
هەولێر شۆفێرێكی ئێرانی بە 26 كیلۆ ماددەی هۆشبەرەوە دەستگیركراوە كە لەناو
بارهەڵگرەكەیدا شاردبویەوە.
ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەكان لە ئاسایشی گشتی هەولێر،
لە راگەیەندراوێكدا وتی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری هەولێر شۆفێری بارهەڵگرێكی
ئێرانی دەستگیركرا بەناوی (أ. ر. م.) كە بڕی 26 كیلۆ ماددەی هۆشبەری لە ناو
بارهەڵگرەكەدا شاردبوەوە.
بەپێی راگەیەندراوەكە، ماددە هۆشبەرەكان پێكهاتبون لە 16 كیلۆ كریستاڵ و 10
كیلۆ تلیاك.
ئاماژەی بەوەشداوە كە تۆمەتبارەكە بەپێی ماددە 14ی یاسای ماددە هۆشبەرەكان
پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ رێكخراوەو دراوەتە دادگاو لێكۆڵینەوەش لەگەڵ تۆمەتبارەكە
بەردەوامە.

