بەرهەم ساڵح و قوباد تاڵەبانی و بەشیر حەداد جەخت لە پاراستنی موچەی موچەخۆرانی هەرێم دەكەنەوە
  2021-01-27       504       

بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ قوباد تاڵەبانی، سەرۆكی وەفدی هەرێم و بەشیر حەداد، جێگری دوەمی سەرۆكی پەرلەمان و فراكسیۆنە كوردییەكاندا كۆبوەوەو لە کۆبونەوەکەدا جەختکرایەوە لە پاراستنی موچەی موچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان و زامنکردنی مافی تەواوی ناوچە و پێکھاتەکان لە بودجەی گشتی ساڵی 2021 و جیاکردنەوەی بژێوی ژیانی خەڵک لە ململانێ سیاسییەکان.

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە بەرھەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق لە بەغدا پێشوازیکرد لە قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی وەفدی دانوستانکاری ھەرێم بۆ بەغدا و بەشیر حەداد، جێگری دوەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و فراکسیۆنە کوردییەكان و لەبارەی دوایین گۆڕانکارییەکانی دانوستانی نێوان ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ گفتوگۆکرا.

لە کۆبونەوەکەدا بەگرنگییەوە جەختکرایەوە لەگەیشتن بە رێگاچارەی گونجاو و بنەڕەتی بۆ کۆتاییھێنان بە کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردو حکومەتی ھەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستورو یاسا و پاراستنی موچەی موچەخۆران و بژێوی ژیانی خەڵکی ھەرێمی کوردستان وەک سەرجەم ھاوڵاتیان دیکەی عێراق بێ جیاوازی.

لە بەشێکی دیکەی کۆبونەوەکەدا دوپاتکرایەوە لە پێویستی کۆتاییھێنان بە قەیرانی موچەو کەمکردنەوەی لێکەوتە داراییەکان لەسەر خەڵک، ھاوکات بیروڕا ئاڵوگۆڕکرا سەبارەت بە پشکی ھەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتی ساڵی 2021 و زامنکردنی مافی تەواوی ناوچەو پێکھاتەکان لەسەر بنەمای دادپەروەری و پاراستنی مافی سەرجەم ھاوڵاتیانی عێراق و ھەرێمی کوردستان و جیاکردنەوەی موچەی خەڵکی کوردستان لە ململانێی سیاسی و کێشمەکێش.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×