تەندروستی عێراق هۆشداری لەبارەی هاتنی شەپۆلێكی كوشندەتری كۆرۆناوە دەدات
  2021-01-29       1128       

وەزارەتی تەندروستی عێراق هۆشداری لە هاتنی شەپۆلی دوەمی كۆرۆنا دەدات كە بەبڕوای وەزارەتەكە شەپۆلێكی توندترو كوشندەتر دەبێت لە چاو شەپۆلی پێشو ئەوەش لە سایەی دەركەوتنی زنجیرەی نوێی مەترسیداری ڤایرۆسەكە لە وڵاتانی جیهانداو بەرزبونەوەی ژمارەی توشبوان لەماوەی دو هەفتەی رابردودا لە عێراق بەهۆی پابەندنەبونی هاوڵاتیان بە رێكارەكانی خۆپارێزییەوە.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئەمڕۆ هەینی، لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، وێڕای دەستپێكردنی هەڵمەتەكانی كوتان بە ڤاكسین، لە هەندێك لە وڵاتانی جیهان بەرزبونەوەیەكی مەترسیداری ژمارەی توشبون و مردن لەسایەی ئفلیجبونی بەهێزترین سیستمە تەندروستییەكاندا لەبەردەم پەتای كۆرۆنادا بەخۆوە دەبینن، چونكە ئەم شەپۆلی دوەمە سەلماندویەتی توندتر و كوشندەترە لە شەپۆلی یەكەم، ئەوەش بەهۆی دەركەوتنی زنجیرەی نوێی مەترسیداری ڤایرۆسەكە لەوانەی زنجیرەی گۆڕاوی بەریتانی و باشوری ئەفریقا.

ئاماژەی بەوەشداوە كە وەزارەتەكە بەردەوام لە بۆنە جیاجیاكاندا هۆشداری داوەتە هاوڵاتیان لەبارەی پابەندنەبونیان بە رێنماییەكان و رێكارەكانی خۆپارێزی بەهۆی چاكبونی دۆخی پەتاكەوە لە عێراق، بەڵام بەداخەوە، هاوڵاتیان وەك پێویست پابەندنەبون.

ئاشكراشیكردوە كە ئاماژەكان نیشانی دەدەن لەماوەی دو هەفتەی دواییدا بەرزبونەوەیەكی كەم هەیە لە ژمارەی توشبواندا لەعێراق، ئەوەش رەنگە نیشانەی سەرەتای شەپۆلی دوەمی پەتاكە بێت كە رەنگە خراپتر بێت لە شەپۆلی یەكەم بەهۆی نەبونی پابەندیی بە رێكارە خۆپارێزییەكانەوە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق وتوشیەتی، هۆشداری دەدەین لە مترسی گەڕانەوەی زیادبونی توشبون و مردن بە ڤایرۆسەكە، ئەو شتەی ناچارمان دەكات بڕیارو رێكاری توندتر بگرینەبەر لەوانەی قەدەغەی هاتوچۆ و داخستنی شوێنە قەرەباڵغەكان ئەوەش لەپێناو بەرگرتن لە كاریگەرییە كارەساتبارەكانی ئەو شەپۆلەی بەڕێوەیە.

وازارەتەكە داوای لە هاوڵاتیان كردوە رێكارەكان جێبەجێ بكەن بەتایبەت بە بەستنی ماسك و پەیڕەوكردنی دوریی نێوانیان و دوركەوتنەوە لە قەرەباڵغی و شتنی دەست.

هەروەها داواشی لە سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە حكومییەكان و كەرتی تایبەت كردوە پابەندبن بە بڕیارەكانی لیژنەی باڵای تەندروستی عێراقەوەو رێكارەكان جێبەجێ بكەن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×