چاوشئۆغلۆ: هیوادارین ئیدارەی بایدن بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنە ئەتۆمییەكەو سزاكانی سەر ئێران هەڵبگیرێن
  2021-01-29       676       

مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، هیوادارین ئیدارەی بایدن بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنە ئەتۆمییەكەو سزاكانی سەر ئێران هەڵبگیرێن. محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێرانیش دەڵێت: ئێران و توركیا لە رۆژە سەختەكاندا لەپشتی یەك بون و ئێمە رێزی ئەم دۆستایەتییەی رۆژە سەختەكان دەگرین.

ئاوێنە: مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیاو محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران، ئەمڕۆ هەینی، لەدوای دیدارێكیان لە ئیستانبوڵ، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا.

وەزیری دەرەوەی توركیا لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا وتی، لەكۆبونەوەكەدا تاوتوێی پەیوەندییە دوقۆڵییەكانی نێوان هەردو وڵاتمان كرد.

چاوشئۆغلۆ وتی، ئێمە هەمیشە لە دانوستانە ئەتۆمییەكاندا پشتیوانیمان لە ئێران كردوە، هیوادارین ئیدارەی بایدن بگەڕێتەوە بۆ رێككەوتنە ئەتۆمییەكەو سزاكانی سەر ئێران هەڵبگیرێن.

لەلای خۆیشییەوە محەمەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند، ئێران و توركیا لە رۆژە سەختەكاندا لەپشتی یەك بون و ئێمە رێزی ئەم دۆستایەتییەی رۆژە سەختەكان بەباشی دەگرین.

هەروەها لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، زەریف ئاماژەی بەوەدا كە لەبارەی هاریكاری ترانزێتی، بازرگانی و بواری وزە گفتوگۆی باشمان كرد، ئامانجمان چارەسەركردنی كێشەكانی سەرمایەگوزارانی هەردو وڵاتە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×