2021-01-29   562     
جین ساکی
ئهمریكا بهپێویستی دهزانێت كه ئێران بەندەکانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی جێبەجێ بکات. وتەبێژی کۆشکی سپی-یش دهڵێت، ئهو ههنگاوهی تاران دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بتوانرێت هەڵوێستێکی لەسەر بنوێنرێت.
ئاوێنه: جین ساکی، وتەبێژی کۆشکی سپی ڕایگەیاند، جۆ بایدن سهرۆكی ئهمریكا لەو باوەڕەدایە ئەگەر ئێران پابەند بێت بەڕێککەوتنی ئەتۆمییەوە ئەوا دەرفەتێکە بۆ ئەوەی بتوانرێت هەڵوێستێکی لەسەر بنوێنرێت.
وتیشی، هەر هەنگاوێک بەئاڕاستەی ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران ئەوا بەهەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانەکانیاندا دەبێت.
ساكی بهپێویستی دهزانێت كه بەربەستەکانی بەردەم چەکی ئەتۆمیی ئێرانی پتەوتر بکرێن و هەروەها چارەسەرێک بۆ موشەکی بالیستی و دەستوەردانی تاران لەناوچەکە بدۆزرێتەوە.
هاوكات جهیك سۆلیڤان، راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا رایگەیاند، یەکێک لەهەنگاوە لەپێشینەکانی ئیدارەی نوێی ئەمریکا مامەڵەکردنە لەگەڵ ئێران، لەکاتێکدا ئەو وڵاتە لەهەنگاوەکانی بەئاڕاستەی دروستکردنی چەکی ئەتۆم و دابینکردنی کەرەستەکانی ئەو چەکە نزیک دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشکردوە، هەنگاوە سەرکەشییەکانی ئێران لەناوچەکەدا و بەکارهێنانی گروپە چەکدارییەکانی بونەتە مایەی نیگەرانی مەترسی وڵاتانی ناوچەکە لەچەند ساڵی رابردودا.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەگەر لەرێگەی دیپلۆماسییەوە تواندرا هەنگاوەکانی بەرنامەی ئەتۆمی ئێران سنوردار بکرێت، دەتوانرێت لەبوارەکانی دیکەشدا بەرەنگاری هەڕەشەکانی ئێران ببنەوە.