2021-01-30   1773     
پۆلیسی هیندستان دوو کەسی بە تۆمەتی تەقینەوەکەی نزیک باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە هیندستان دەستگیرکردووە و لە نامەیەکشدا ناوی قاسم سولەیمانی و زانا ئەتۆمییەکەی ئێران لە نزیک تەقینەوەکە دۆزراوەتەوە.
دوێنێ 29 ی کانوونی دووەم، تەقینەوەیەک باڵیۆزخانەی ئیسرائیلی لە نیودەهلی پایتەختی هیندستان کردە ئامانج، دواتر گروپێکی نەناسراو بەناوی “سوپای هیندی” بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە ڕاگەیاند.
ئاوێنه: بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی دۆیچەڤێلەی ئەڵمانی، تەنها 50 مەتر لە دوری تەقینەوەکەوە پۆلیس نامەیەکی دۆزیوەتەوە کە ناوی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودس و موحسین فەخریزادە، زانا ئەتۆمییەکەی ئێرانی لەسەر بووە.
لە نامەکەدا ئەوە هاتووە کە “ئەم تەقینەوەیە تەنها هەوڵێکی سادەیە بۆ کارێکی گەورە و لە ئایندەدا ئیسرائیلییەکان دەکرێنە ئامانج”.
ڕوداوی تەقینەوەکەی نزیک باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە هیندستان، ڕەنگە شەڕی ئیسرائیل و ئێران بخاتە قۆناغێکی دیکەوە، چونکە میدیا ئیسرائیلییەکان پەنجەی تۆمەت بۆ ئێران ڕادەکێشن و ئەوەیان بیرهێناوەتەوە کە ئێران پێشتریش لە هیندستان و جۆرجیا لە ساڵی 2012 دا هێرشیکردووەتە سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل.
لەم سەروبەندەدا میدیا جیهانییەکان باس لە فڕینی فڕۆکەی ئێف 35 ی ئیسرائیلی دەکەن بەسەر ئاسمانی تاراندا و هەروەها لە تاران زەنگی ئاگادارکردنەوە لێیداوە.
بەهۆی نا سەقامگیری ئەمنی ئاسمانی تارانەوە، بەرەبەیانی ئەمڕۆ 30 ی کانوونی دووەم، فڕۆکەیەکی تورکی بەناچاری لە تاران نیشتەوە و نەیتوانی گەشتەکەی بەردەوام بکات.