کازمی كوژرانی دوو سەرکردەی باڵای داعشی ڕاگه‌یاند
  2021-02-03       485       

سەرۆک وەزیرانی عێراق کوژرانی دوو سەرکردە و ژمارەیەک چەکداری دیکەی داعشی راگەیاند.

ئاوێنه‌: مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە تویتەر بە ھەرسێ زمانی عەرەبی، کوردی و ئینگلیزی نوسیوویەتی، "ئەبو حەسەن ئەلغرێباومان لەناوبرد، کە بە فەرماندەی باشوری عێراقی داعش دەناسێنرا، لەگەڵ غانم سەباح کە بەرپرسی گواستنەوەی خۆکوژەکان بوو، هاوکات ژمارەیەک چەکداری دیکەش لەگەڵ ئەوانیدا کوژراون."

کازمی ئاماژەی بە ژمارەی ئەو چەکدارانە نەداوە، کە لەگەڵ ئەو دوو سەرکردەیەی داعشدا کوژراون.

پێشتر، شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبووە، کە پشتبەستن بە زانیاری ھەواڵگری و بە فەرمان و ھەماھەنگی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکان سەر بە سوپای عێراق، فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش ئۆپراسیۆنێکی ئاسمانییان بۆسەر ئامانجێکی چەکداران لە قەزای ئەبو غرێب لە رۆژئاوای بەغدا ئەنجامیانداوە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، مانگی رابردوو، دوو تەقینەوە لە شاری بەغدای پایتەختی عێراق روویدا و بەو هۆیەشەوە ٣٢ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١١٠ کەسی دیکە برینداربوون، کە دواتریش داعش بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکان راگەیاند و هەر لەپاش تەقینەوەکانیشەوە، عێراق ئۆپراسیۆنەکانی چڕکردەوە بۆ دەستگیرکردنی چەکدارانی داعش لە ناوچەکەدا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×