تەرمى فڕۆکەوانە عێراقییەى لە یۆنان دۆزرایەوە
  2021-02-04       949       
حکوومەتی عێراق رایگەیاند، تەرمى ئەو فڕۆکەوانە عێراقییەى لە یۆنان بە فڕۆکەکەیەوە دیارنەما، دواى سێ رۆژ لە بێسەروشوێن بوونی، لەنێو پارچەی فڕۆکە تێکشکاوەکەیدا دۆزرایەوە.

ئاوێنه‌: وەزیری گواستنەوەى عێراق، ناسر شبلی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، فڕۆکەوان "عەممار ئیبراهیم" لە گەشتێکی مەشقکردندا لە خاکی یۆنان فڕۆکەکەی بێسەروشوێن بووە و گیانی لەدەستداوە.

لە بەیاننامەکەدا هیچ وردەکارییەکی دیکە لەبارەی رووداوەکە نەخراوەتەڕوو.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، یەکێک لە دانیشتووانی ناوچەی زاگۆری باکووری رۆژئاوای یۆنان، تەرمی فڕۆکەوانەکەی لەنێو پاشماوەی فڕۆکە تێکشکاوەکەیدا بینووە و دەسەڵاتدارانی یۆنانی ئاگادارکردووەتەوە.

سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، تەرمی فڕۆکەوانەکە لەناو پاشماوەی فڕۆکە تێکشکاوەکەیدا دۆزراوەتەوە.

رۆژی یەکشەممەی رابردوو، وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، فڕۆکەوانێکى عێراقى بەناوی عەممار ئیبراهیم کە بەشداربووە لە خولێکى راهێنان لە ئەکادیمیاى "ئەگناتیا" لە یۆنان، لەو کاتەى سەرقاڵى راهێنان بووە، لەگەڵ فڕۆکەکەیدا لە ئاسماندا دیارنەماوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×