لەعێراق 12 توشبوی دیكەی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا
  2021-02-04       443       

بەپێی ئاماری نوێی وەزارەتی تەندروستی عێراق، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا لە عێراق زیاتر بوە لە ژمارەی ئەوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوەو 12 توشبوی كۆرۆناش گیانیان لەدەستداوە.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 50 هەزار و 683 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان یەك هەزارو 150 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە كەمتربون لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە یەك هەزارو 90 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 12 توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە سیانیان لە هەرێمی كوردستان بون: دوان لە پارێزگای دهۆك و یەكێكیان لە پارێزگای سلێمانی بوە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 624 هەزار و 222 كەس و لەوانە 13 هەزارو 91 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو 596 هەزارو 959 كەسیان چاكبونەتەوەو 14 هەزارو 172 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 192 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×