پەرلەمانتارێكی پارتی: بۆ دۆسیەی نەوت بەغدا تەنیا دو رێگەی خستۆتە بەردەم هەرێم
  2021-02-05       999       

بەپێی قسەی پەرلەمانتارێكی پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، لە كۆبونەوەو گفتوگۆكانی وەفدی هەرێمدا لە بەغدا بە ئاشكرا بە هەرێمی كوردستان وتراوە بابەتی رادەستكردنی 250 هەزار بەرمیل نەوت بە سۆمۆ كۆتایی هاتوەو هەرێمی كوردستان تەنیا دو بابەتی لەبەردەمدان سەبارەت بە دۆسیەی نەوت.

ئاوێنە: هێڤیدار ئەحمەد، پەرلەمانتاری پارتی لە پەرلەمانی كوردستان، لە نوسینێكدا ئاشكرایكردوە، سەرباری ئەوەی وەفدی هەرێم لەدوا سەردانیدا بۆ بەغدا وەڵامی پرسیارەكانی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقی داوەتەوە، بەڵام  لە هەمو ئەو پرسیارانە و هەمو ئەو گفتۆگۆ و کۆبوونەوانە، لە بەغدا بە ئاشکرا بە هەرێمی کوردستانی وتراوە بابەتی رادەستکردنی 250 هەزار بەرمیل بە سۆمۆ) کۆتایی هاتوە، تەنیا دو رێگە لەبەردەم هەرێمی کوردستان هەن لە بابەتی نەوت.

بەپێی قسەی ئەو پەرلەمانتارەی پارتی، دو رێگەكەش بریتین لە، رادەستكردنی هەمو نەوتی هەرێمی كوردستان بە بەغدا، یاخود رادەستكردنی هەمو داهاتی نەوت. 

سەبارەت بە پشكی هەرێمی كوردستان لەو حاڵەتانەدا، هێڤیدار ئەحمەد وتویەتی، لیژنەی دارایی عێراق دەستکاریی ژمارەی پرۆژە یاسای بودجەی 2021ی کردوە کە حکومەتی فیدراڵیی عێراق رەوانەی پەرلەمانی عێراقی کردوە ئەویش لە 163 ترلیۆن دینارەوە کەمکراوەتەوە بۆ 127 ترلیۆن. پشکی هەرێمی کوردستانیش 12.67% دانراوە.

وتوشیەتی، ئەگەر ئەم ژمارەیە دەستکاری نەکرێت، هەروەکو خۆی کە حکومەت ناردویەتی 163 ترلیۆن دینار بمێنێت، ئەوا پشکی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 13 ترلیۆن دینار دەبێت. بەڵام ئەگەر کەمکرایەوە بۆ 127 ترلیۆن دینار، ئەوا ئەو ژمارەیە کەمدەبێت بۆ نزیکەی 11 ترلیۆن دینار.

پەرلەمانتارەكەی پارتی لەگەڵ ئەوەش ئاماژەی بەوەداوە كە دۆسیەی نەوت لە هەرێمی كوردستان "هێڵی سورە و هیچ لایەنێک رەنگە جورئەتی ئەوە نەکات دۆسیەی نەوتی کوردستان رادەستی بەغدا بکات."

هەروەك هێڤیدار ئەحمەد باسی لەوە كردوە كە لەم رۆژانەی رابردودا لە شاری هەولێر لەگەڵ دیپلۆماتکارێکی گەورەی بەریتانیا لە عێراق، وەکو لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان کۆبونەتەوە و ئەو دیپلۆماتكارە بەریتانییە پێی وتون "دەبێت هەرێمی کوردستان خەڵکی گونجاو رەوانەی بەغدا بکات کە لە بەغدا گوێیان بۆ دەگرن و بەغداش ئەو کەسانەی دەوێت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×