لەعێراق ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا زیاتر هەڵكشا
  2021-02-05       566       

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا زیاتر هەڵكشاوە، بەشێوەیەك یەك هەزارو 534 حاڵەتی نوێی توشبون تۆماركراون و هاوكات 12 توشبوی كۆرۆناش گیانیان لەدەستداوە.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 48 هەزار و 621 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان یەك هەزارو 534 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە كەمتربون لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە یەك هەزارو 188 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

ماوەی چەند رۆژێكە تۆماری رۆژانەی توشبوانی كۆرۆنا لە عێراق روی لە هەڵكشانە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 12 توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە یەكیكیان لە هەرێمی كوردستان بوەو ئەویش لە پارێزگای دهۆك تۆماركراوە.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 625 هەزار و 756 كەس و لەوانە 13 هەزارو 103 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو 598 هەزارو 147 كەسیان چاكبونەتەوەو 14 هەزارو 506 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 199 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×