ئاماری نوێی كۆرۆنا لەعێراق: 3575 توشبو، 12 گیانلەدەستدان
  2021-02-17       211       

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، ژمارەی توشبوانی كۆرۆنا زیاتر هەڵكشاوە، بەشێوەیەك سێ هەزارو 575 حاڵەتی نوێی توشبون تۆماركراون و هاوكات 12 توشبوی كۆرۆناش گیانیان لەدەستداوە.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 46 هەزارو 840 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان سێ هەزارو 575 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە كەمتربون لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە یەك هەزارو 236 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 12 توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە یەكێكیان لەپارێزگای سلێمانی بوە.

ماوەی چەند رۆژێكە تۆماری رۆژانەی توشبوانی كۆرۆنا لە عێراق روی لە هەڵكشانەو رۆژی دوشەممەش وەزیری تەندروستی عێراق تۆماركردنی چەند حاڵەتێكی توشبون بە كۆرۆنای گۆڕاوی ئاشكراكرد. لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتمانی عێراقیش چەند بڕیارێكی نوێی بۆ توندكردنەوەی رێكارەكانی روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا راگەیاندون.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 653 هەزار و 557 كەس و لەوانە 13 هەزارو 204 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو 611 هەزارو 36 كەسیان چاكبونەتەوەو 29 هەزارو 317 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 296 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×