بافڵ تاڵەبانی: چیتر رێگە بە قۆرخكردنی بازاڕ نادەین
  2021-02-17       783       

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند، چیتر رێگەنادەن بە هەر پاساوێكەوە بازاڕ قورخ بكرێت و دەستبخرێتە قوتی خەڵك و هەمو هەنگاوێكیش دەگرنەبەر بۆ روبەڕوبونەوەی كەسانی "مشەخۆر".

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەو وتانەی بافڵ تاڵەبانی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەمیانی كۆبونەوەیەكیدا هاتون لە دەباشان لەگەڵ ژمارەیەک سەرمایەدار، بازرگان و خاوەنکاری سلێمانی.

بەپێی راگەیەندراوەكە لەكۆبونەوەكەدا لەبارەی کەرتی بازرگانی، وەبەرھێنان، گەشەپێدانی جوڵە بازرگانییەکان و لابردنی ئاستەنگەکانی پێشخستنی زیاتری ژێرخانی ئابوری ھەرێم بەتایبەت لە پارێزگای سلێمانی، بیروبۆچون ئاڵوگۆڕکرا و ھەمو ئەو رێوشوێنانەش گفتوگۆیان لەبارەوە کرا کە دەبێتە هۆی زیاتر خزمەتکردنی هاوڵاتییان.

بافڵ تاڵەبانی، ھەمو پشتیوانی و ھاوکارییەکی یەکێتی بۆ سەرخستنی کارەکانیان دوپاتکردەوە و جەختیکردەوە کە "ھەر ھەنگاوێکی بازرگانی لەخزمەتی ئاوەدانی و پێشخستنی وەبەرھێنان و رەخساندنی ئارامی، ھەلی کار و بونیادنانی پرۆژەی بازرگانی گشتی بێت پشتیوانی لێدەکات و ھەمو ئەو ئاستەنگانەشی بونەتە بەربەست لەبەردەمیان ناھێڵرێن و ژینگەی بازاڕی ئازاد وەک داینەمۆی پێشخستنی کار و پرۆژە ئابوری و بازرگانییەکان فەراھەم دەکەن."

ھاوسەرۆکی یەكێتی رونیشیکردەوە بازاڕی ئازاد و کێبڕکێی بازرگانی دەبێت لە بەرژەوەندی گشتی و ئاوەدانی بێت و راشیگەیاند "چیتر رێگەنادەن بە ھەر پاساوێکەوە بازاڕ و کاروکاسبی سەرمایەدار، خاوەنکار، بازرگانان، دوکانداران قۆرخ بکرێت و دەستبخرێتە قوتی خەڵک و ھەمو ھەنگاوێکیش بۆ روبەڕوبونەوەی کەسانی مشەخۆر دەگرینەبەر."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×