وەزیری تەندروستی: ئەگەری بونی حاڵەتی كۆرۆنای گۆڕاو لە هەرێم هەیە
  2021-02-17       719       

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەگەر و گومانی بونی کۆرۆنا گۆڕاو لە هەرێمی کوردستان هەیە،  دەشڵێت، نزیکترین بڕیار و ڕێککار کۆنتڕۆڵکردنی ئەو لێشاوە زۆرەی گەشتیارانە کە لە پارێزگاکانی تری عێراقەوە دێنە هەرێمی کوردستان.

ئاوێنە: د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، بە میدیاكانی پارتی راگەیاند"ژمارەی توشبوانی کۆڕۆنا لە پارێزگاکانی عێراق لە هەڵکشانی بەردەوامە و دۆخی تەندروستی لە هەرێمی کوردستانیش بەرەو خراپی دەڕوات، تا ڕادەیەک ئاماری توشبوان لە هەڵکشانە."

وتیشی"نیگەرانین لەو بێباکییەی لەنێو هاوڵاتیان هەیە سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە خۆپارێزی زۆر لاوازە."

وەزیری تەندروستی ئەوەشی خستەڕو"خۆپارێزی کەسی کە گرنگترین ڕێککارە و لە ڕێککارە گشتییەکان کاریگەرترە ئەویش تەنیا بە خودی هاوڵاتی خۆی دەکرێت."

د. سامان بەرزنجی راشیگەیاند"ئەگەر و گومانی زنجیرەی نوێی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان هەیە و ئێستا پێشینەی کارەکانمان توندکردنەوەی ڕێککارەکانی خۆپارێزی گشتییە، بەڵام دیسان بێ خۆپارێزی تاکەکەسی سودی نابێت."

جەختیشیکردەوە"دەبێت هاوڵاتیان باشتر جددیەتی ئەو نەخۆشیە بزانن، هەروەک چۆن ساڵی پار هۆکاری گیانلەدەستدانی کەسوکارەکانمان بو، نزیکترین بڕیار و ڕێککار کۆنتڕۆڵکردنی ئەو لێشاوە زۆرەی گەشتیارانە کە لە پارێزگاکانی تری عێراق کە ڕو لە هەرێمی کوردستان دەکەن."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×