سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ دادگایی دەکرێت
  2021-02-18       383       
دوای ئەوەی لە پەرلەمانی کوردستان، حکومەت و دەسەڵاتی بە هەوڵدان بۆ "کوشتن"ـی پەرلەمانتارانی فراکسیۆنەکەیان تۆمەتبارکرد، ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەبەردەم دادگای هەولێر ئامادەبو و رایگەیاند، لە هەوڵەکانیان دژی "ستەم و نادادپەروەری" بەردەوام دەبن و پشتیوانی دەنگی ئازاد و داوای رەوای خەڵك دەبن.

ئاوێنه‌: کازم فاروق، سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەپەرلەمانی کوردستان ئەمڕۆ پێنجشەممە لەکۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا لەبەردەم دادگای هەولێر رایگەیاند، "هەوڵی کوشتنمان دەدەن و دواتریش پێمان دەڵێن بۆ تۆمەتبارمان دەکەن، ئەمڕۆ لەسەر سکاڵای حکومەت و دەسەڵات لەبەردەم دادگای هەولێر ئامادەبوین کە گوایە ناومان زڕاندون و کە باسی ئەوەمانکردوە هەوڵی کوشتنمان دەدرێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەو بابەتە و سەرقاڵکردنیان بە "شتی لاوەکییەوە، ساردمان ناکاتەوە لە وەستانەوە دژی ستەمکاری دەسەڵات و بەتاڵنبردنی نەوت، نەوەی نوێ لەپشتیوانیکردنی خەڵک بەردەوام دەبێت  تا کۆتایی بەم دەسەڵاتە دەهێنین".

كازم فاروق لەکۆبونەوەی رۆژی 9ـی (ئەیلول/9)ی ساڵی رابردوی پەرلەماندا رایگەیاند،  "دو پەرلەمانتاری پارتی و پەرلەمانتارێکی یەکێتی هەڕەشەی کوشتنی منیان لەلایەن حزبەکانیانەوە بۆ هێنام" و لەسەر ئەو بابەتەش داوایکردوە پەرلەمان لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێبکهێنێت.

دوای ئەو وتانەش هەردو فراکسیۆنی زەرد و سەوزی سەرەڕای رەتکردنەوەی دەنگۆیەکی لەو شێوەیە لێدوانی پەرلەمانتارەکەی نەوەی نوێ بە "هەڵمەتی سۆشیال میدیا دروستکراو"یان ناوبرد.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×