ناتۆ ژمارەی هێزەكانی لەعێراق بۆ هەشت هێندەی ئێستا زیاددەكات
  2021-02-18       529       

یەنس ستۆڵتەنبەرگ، سكرتێری گشتی هاوپەیمانی ناتۆ رایگەیاند، ژمارەی هێزەكانیان لە عێراق لە 500 كەسەوە بۆ چوار هەزار كەس بەرزدەكەنەوە، ئەوەش لەپێناو زیادكردنی مەشق و راهێنان بە هێزە عێراقییەكان.

ئاوێنە: ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، دوای کۆتاییهاتنی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی وڵاتانی ئەندامی هاوپەیمانی ناتۆ، یەنس ستۆڵتەنبەرگ، سكرتێری گشتی هاوپەیمانییەكە، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بڕیارمانداوە بە زیادكردنی ژمارەی هێزەكانی ناتۆ بۆ ئەنجامدانی ئەركەكانیان لە عێراق بەمەبەستی پشتیوانیكردنی هێزە عێراقییەكان لە روبەڕوبونەوەی تیرۆرو گەرەنتیكردنی سەرهەڵنەدانەوەی داعش.

وتیشی، ناتۆ پێ بەپێ ژمارەی هێزەكانی لە 500 كەسەوە بۆ چوار هەزار كەس لە عێراق زیاددەكات.

هەروەها لەبەشێكی دیكەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوەدا كە ئەندامانی هاوپەیمانییەكە نەگەیشتونەتە بڕیارێكی كۆتایی دەربارەی كشاندنەوەی هێزەكانیان لە ئەفغانستان كە بەپێی رێككەوتنەكەی ساڵی رابردوی نێوان ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكاو بزوتنەوەی تاڵیبان، دەبێت هێزەكانی وڵاتان لە ئەفغانستان تاوەكو 1ی ئایاری ئەمساڵ ئەو وڵاتە جێبهێڵن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×