نێچیرڤان بارزانی: بڕیارەكەی دادگا بۆ سزادانی دەستگیركراوانی بادینان، دوا بڕیار نییە
  2021-02-18       879       

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، بڕیارەكەی رۆژی سێشەممەی دادگای هەولێر بۆ سزادانی پێنج لە دەستگیركراوانی بادینان، دوا بڕیار نییەو بەپێی یاسا، سزادراوان مافیانە تانە لە بڕیارەكە بدەن و ئەركی دادگای پێداچونەوەشە بە پشتبەستن و ڕێزگرتن لە یاسا و مافەکانی مرۆڤ و مافی یاسایی سکاڵالێکراو و سکاڵاکار، بە کەیسه‌كه‌دا بچێتەوە تا هەموان هەست بکەن وەک یەک مافيان پارێزراوە.

ئاوێنە: نێچیرڤان بارزانی، كەمێك لەمەوبەر لە راگەیەندراوێكدا وتی "بڕیاری دادگا بۆ سزادانی چەند ڕاگیراوێک نيگه‌رانى دروست کردوە، بەڵام ئەوە دوا بڕیار نییە."

سەرۆكی هەرێم ئەوەشی خستۆتەڕو"بەپێی یاسا، مافى سزادراوانه‌ تانە لە بڕیاره‌كە بده‌ن، دادگای پێداچونەوەش ئەرکیەتی بەپشتبەستن و ڕێزگرتن لە یاسا و مافەکانی مرۆڤ و مافی یاسایی سکاڵالێکراو و سکاڵاکار، بە کەیسه‌كه‌دا بچێتەوە تا هەموان هەست بکەن وەک یەک مافيان پارێزراوە."

نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بەوەشداوە كە "لای خۆمانەوە چاودێريی ئەو پرسە دەکەین، جەخت لە سەروەریی یاساو ڕێزگرتن لە سەربەخۆیيی بڕیاری دادگاو لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ دەکەینەوە. دەبێت یاسا سەروەر بێت و هیچ لایەن و کەسێک مافی دەستوەردانیان لە کاروباری دادگادا نییە."

هەروەها لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی كە "گەلی كوردستان هه‌رگيز پاشەکشە لە ئازادی ناكات" وتویەتی"دادگاو دادوەرانى به‌ڕێز دەبێت شکۆی سەربەخۆییى خۆيان لەپێناو سه‌روه‌ريى یاسادا بپارێزن، تا شکۆی مرۆڤ و شکۆی وڵات لە سایەی شکۆی یاسادا پارێزراو بێت."

هەروەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان داوای لە هه‌مو لایەك كردوە كە "لەگەڵ ماف و ئازاديیان لە ڕەخنەگرتن و له‌‌ دروستکردنی فشاری مەدەنیانە بەرانبەر هەر بڕیارێک، كارێكى وا نه‌كه‌ن بێمتمانەیی بە دادگاو یاساو هەرچی دامودەزگایە دروست بکرێت، چونکە بێمتمانەیی بە سه‌روه‌ريى یاسا، وا ده‌كات ئیتر کەس لە سەر و ژیان و کەرامەت و ماڵ و سامان و داهاتوی خۆى، دڵنيانه‌بێت."

دەقی راگەیەندراوەكە...

راگه‌يه‌نراوێك له‌ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌

ڕۆژی‌ سێشه‌ممه‌ 2021/2/16 بڕیاری دادگا بۆ سزادانی چەند ڕاگیراوێک نيگه‌رانى دروست کردوە، بەڵام ئەوە دوا بڕیار نییە. بەپێی یاسا، مافى سزادراوانه‌ تانە لە بڕیاره‌كە بده‌ن، دادگای پێداچونەوەش ئەرکیەتی بە پشتبەستن و ڕێزگرتن لە یاساو مافەکانی مرۆڤ و مافی یاسایيی سکاڵالێکراو و سکاڵاکار، بە کەیسه‌كه‌دا بچێتەوە تا هەموان هەست بکەن وەک یەک مافيان پارێزراوە.

لای خۆمانەوە چاودێريی ئەو پرسە دەکەین، جەخت لە سەروەریی یاسا و ڕێزگرتن لە سەربەخۆیيی بڕیاری دادگا و لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ دەکەینەوە. دەبێت یاسا سەروەر بێت و هیچ لایەن و کەسێک مافی دەستوەردانیان لە کاروباری دادگادا نییە.

گەلی كوردستان هه‌رگيز پاشەکشە لە ئازادی ناكات، ڕێگەش نادرێت ئازادى بۆ لەباربردنی خودی ئازادی، خراپ بەکاربهێنرێت. پاراستن و چەسپاندن و پەرەپێدانی ئازادی و دیموکراسی، بريتييه‌ له‌ سەروەريی یاساو سەربەخۆیيی دادگا، سەربەخۆیيی دادگاش لە چۆنیەتيی کاری دادگاو دادوەرانەوە دەبینرێت. دادگاو دادوەرانى به‌ڕێز دەبێت شکۆی سەربەخۆییى خۆيان لەپێناو سه‌روه‌ريى یاسادا بپارێزن، تا شکۆی مرۆڤ و شکۆی وڵات لە سایەی شکۆی یاسادا پارێزراو بێت.

داوا لە هه‌مو لایەك دەکەم لەگەڵ ماف و ئازاديیان لە ڕەخنەگرتن و له‌‌ دروستکردنی فشاری مەدەنیانە بەرانبەر هەر بڕیارێک، كارێكى وا نه‌كه‌ن بێمتمانەیی بە دادگاو یاساو هەرچی دامودەزگایە دروست بکرێت، چونکە بێمتمانەیی بە سه‌روه‌ريى یاسا، وا ده‌كات ئیتر کەس لە سەر و ژیان و کەرامەت و ماڵ و سامان و داهاتوی خۆى، دڵنيا نه‌بێت. با ڕەخنەو کارەکانمان بۆ باشترکردن و سەروەرکردنی یاسا بێت، بۆ ڕوخاندنی متمانەی خەڵک نەبێت بە یاساو دادگاو دامەزراوە فەرمییەکان.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2021/2/18


زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
بەغدا دەستی بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێم کرد
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
كه‌شناسێكی كورد واده‌ی هاتنی شه‌پۆلێكی بارانباران و هه‌وره‌ بروسكه‌ی راگه‌یاند
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×