كوژرانی 13 دیلەكەی توركیا لە گارە، گرژی خستە پەیوەندییەكانی ئەنقەرەو واشنتۆن
  2021-02-18       1888       

دوای كوژرانی 13 دیلی توركیا لەمیانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی ئەو وڵاتەدا لە چیای گارە، پەیوەندییەكانی ئەنقەرەو واشنتۆن گرژییان تێكەوتوە، ئەوەش دوای ئەوەی كە رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا، ئەمریكا بە پشتیوانیكردنی یەپەگەو پەكەكە.

ئاوێنە: لەمیانی ئۆپەراسیۆنەكەی توركیا بۆ سەر چیای گارە لە باشوری كوردستان، 13 دیل لە پۆلیس و میت و سەربازی ئەو وڵاتە كە لای پەكەكە بون، كوژران، توركیا پەكەكەی بە كوشتنیان تۆمەتبار كرد بەڵام پەكەكە جەختی كردەوە كە دیلەكان لە بۆردومانی فڕۆكەكانی توركیادا كوژراون.

بەپێی ماڵپەڕی بی بی سی، لە كاردانەوەی سەرەتای وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكادا بۆ هەواڵی كوژرانی ئەو 13 دیلە، گومان خراوەتە سەر بەرپرسیاری كوژرانی دیلەكان، ئەوەش بوەهۆی توڕەبونی توركیاو وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە باڵیۆزی ئەمریكای لە ئەنقەرە بانگهێشت كردو دوای بانگهێشتكردنەكەش مەولود چاوشئۆغلۆ، وەزیری دەرەوەی توركیا رۆژی 15ی ئەم مانگە پەیوەندییەكی تەلەفۆنی ەلگەڵ ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا ئەنجامدا.

بەپێی قسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا، بلینكن لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا نیگەرانی خۆی بەرامبەر كوژرانی ئەو دیلانە دەربڕیوەو تەئكیدی كردۆتەوە كە "بەبڕوای ئێمە بەرپرسیارێتیەكە دەكەوێتە ئەستۆی پەكەكە."

ئەردۆغان هەمان رۆژ، وتی"وتتان پشتیوانی لە پەكەكە ناكەن، پشتیوانی لە یەپەگە و پەیەدە لەسوریا ناكەن. هیچ گومانێك لەوەدا نییە كە لە پشتیان وەستاون."

هەروەها میدیاو رۆژنامە سەرەكییەكانی توركیا بەوانەی لایەنگریی حكومەت و بەشێك لە میدیاكانی ئۆپۆزسیۆنیش لە رۆژانی دواتردا هێرشی توندیان كردە سەر ئەمریكا لەسەر ئەو پرسە.

رۆژنامەی حوڕییەت، لایەنگری حكومەت، لە مانشێتی سەرەكی خۆیدا نوسیبوی "ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا چەك بۆ بكوژان دەنێرێت." رۆژ نامەی یەنی شەفەق، كە ئەویش لایەنگری سەرسەختی حكومەتە، نوسیبوی"ئەمریكا دەستی بەخوێن ئالودەیە."

هەروەها رۆژنامەی ناسیۆنالیست سوزجو، كە بە ئۆپۆزسیۆن دەژمێردرێت هاوئاوازی میدیاكانی لایەنگری حكومەت، نوسیبوی "روی دەمی ئێمە لە ئەمریكا كە هێشتا چاوەڕێی پشتڕاستكردنەوەی كوشتارەكەی پەكەكەیە: ئەمریكا لە پەكەكە بپرسە كە چەكی بۆ دەنێریت."

هەروەها بەشێكی زۆری چاودێرانی سیاسی و ستونوسانی رۆژنامەكانی توركیا رەخنەی توندیان لە بەیاننامەكەی سەرەتای ئەمریكا لەبارەی روداوەكە گرتوە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×