ڤیدیۆ..كەشتییەكی ناسا بەسەركەوتویی لەسەر روی مەریخ نیشتەوە
  2021-02-19       1084       

كەشتییەكی ئاسمانی ئاژانسی نیشتمانیی بۆشایی ئاسمانی ئەمریكا "ناسا" بەسەركەوتویی لەسەر هەسارەی مەریخ نیشتەوەو دوای چەند خولەكێك لە نیشتنەوەی یەكەم وێنەی بۆ سەر زەوی نارد.

ئاوێنە: كەشتییەكە بە كەشتی "پێرسەڤێرەنس" گەشتەكەی لە زەوییەوە تاوەكو نیشتنەوەی لەسەر هەسارەی مەریخ حەوت مانگی پێچو كە تێیدا نزیكەی نیو ملیار كیلۆمەتری بڕیوە.

ئەركی كەشتییەكە هەڵكۆڵینە لەسەر روكاری هەسارەكە بەدرێژایی دو ساڵی ئایندە ئەوەش بە ئامانجی گەڕان بەدوای شوێنەواری بونی ژیان لە رابردودا لەسەر هەسارەی مەریخ و كۆكردنەوەی پارچە بەردی سەر مەریخە بە ئامانجی ئەوەی لەداهاتودا بگەڕێنرێتەوە سەر زەوی.

كەشتییەكە لە ناوچەیەكی چاڵایی گەورەو قوڵدا نیشتۆتەوە لە نزیك هێڵی كەمەرەیی مەریخ كە بە "جیزرۆ" ناودەبرێت و بڕوا وایە ئەو چاڵاییە بەر لە ملیاران ساڵ دەریاچەیەكی گەورە بوبێت.

ناسا رایگەیاندوە كە كەشتییەكە زانایەكی رۆبۆتەو دەست بە پشكنینەكانی لەسەر روی مەریخ دەكات لەبری مرۆڤایەتی كە 23 كامێرای لەسەرە لەنێویاندا كامێرای ڤیدیۆیی و دو مایكرۆفۆن كە وێڕای توانای تۆماركردنی وێنە، توانای تۆماركردنی دەنگیشی هەیە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×