"دژە تیرۆری كوردستان" هێرشی تونددەكاتە سەر سزادراوان و ئەوانەی رەخنە لە بڕیارەكەی دادگا دەگرن
  2021-02-19       646       

"دژە تیرۆری كوردستان"، دەڵێت"لە هەرێمی کوردستان لەژێر پەردەی ئازادی و بەرقەراریی یاسادا، تێکدەرانی ئاسایش و سەقامگیری کوردستان، لەژێر ناوی رۆژنامەنوسی و چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی، دەرفەت دەقۆزنەوە بۆ پەرتکردنی کۆمەڵگەو تێکدانی گیانی پێکەوەژیان و خراپ بەکارهێنانی ئازادییەکان بۆ پەردەپۆشکردنی کاری سیخوڕی و دەستێوەردان لە دۆخی هەرێم بە مەبەستی تێکدانی سەقامگیری و ئاڵۆزکردنی دۆخی گشتیی هەرێمی کوردستان."

ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی، لاپەڕەی رەسمی "دژە تیرۆری كوردستان" لەفەیسبوك، لە راگەیەندراوێكدا ئەوەشی وتوە" زۆر سەیرە لە کوردستان کەسانێک بە بڕیاری دادوەر و رێکاری یاسایی لەسەر سیخوڕیکردن و تێکدانی ئارامی و ئاسایش و سوتاندنی بارەگا حکومییەکان دەستگیربکرێن، بەڵام بۆ تەوزیفی سیاسی وەها لە رای گشتی بگەیەنرێت کە ئەمانە چالاکوان و رۆژنامەنوسن! لایەنەکانیش بۆ موزایەدەی سیاسی و رکابەری نیوخۆیی نێوانیان ئەم بابەتە بەکار بێنن، لە کاتێکدا ئەمە دژی بەرژەوەندنی نیشتمانی و نەتەوەیی هەرێمی کوردستانە."

"دژە تیرۆری كوردستان" وتوشیەتی"لەو کاتەی کە سیخوڕ و بەکرێگیراوانی دوژمنانی هەرێمی کوردستان راپێچی بەردەم دادگا دەکرێن، ئیدی دەیان کەس لە ژێر ناوی چالاکوان و رۆژنامەنوسی سەربەخۆ ماسکی رویان فڕێ دەدەن و دەبنە پاڵپشتیکار و هاوخەمی سیخوڕان."

ئەو راگەیەندراوەی "دژە تیرۆری كوردستان" دوای ئەوە دێت كە بڕیارەكەی رۆژی سێشەممەی دادگای هەولێر بۆ سزادانی پێنج لە دەستگیركراوانی بادینان، لەسەر ئاستە جیاجیاكان ناڕەزایەتی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.

هەروەها لەكاتێكیشدایە كە هێشتا بڕیاری سزادانی ئەو پێنج سزادراوە بنجبڕ نەبوەو شەوی رابردوش، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا وتی،"بڕیاری دادگا بۆ سزادانی چەند ڕاگیراوێک نيگه‌رانى دروست کردوە، بەڵام ئەوە دوا بڕیار نییە."

سەرۆكی هەرێم ئەوەشی خستەڕو"بەپێی یاسا، مافى سزادراوانه‌ تانە لە بڕیاره‌كە بده‌ن، دادگای پێداچونەوەش ئەرکیەتی بەپشتبەستن و ڕێزگرتن لە یاساو مافەکانی مرۆڤ و مافی یاسایی سکاڵالێکراو و سکاڵاکار، بە کەیسه‌كه‌دا بچێتەوە تا هەموان هەست بکەن وەک یەک مافيان پارێزراوە."

هەروەها نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی كە "گەلی كوردستان هه‌رگيز پاشەکشە لە ئازادی ناكات" وتی"دادگاو دادوەرانى به‌ڕێز دەبێت شکۆی سەربەخۆییى خۆيان لەپێناو سه‌روه‌ريى یاسادا بپارێزن، تا شکۆی مرۆڤ و شکۆی وڵات لە سایەی شکۆی یاسادا پارێزراو بێت."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×