سەركردەی ھێزە تایبەتەكانی كەتیبەكانی حزبوڵڵای عێراقی كوژرا
  2021-02-20       527       

رۆژی شەممە، سەرچاوەیەكی ئەمنی رایگەیاند، سەركردەی ھێزە تایبەتەكانی كەتیبەكانی حزبوڵڵای عێراقی لە ئەنجامی بە ئامانجكردنی كاروانێكی سەر بە لیوای 47 لە ناوچەی جەرەفولنەسر كوژرا.

ئاوێنه‌: سەرچاوەكە بە ئاژانسی شەفەق نیوزی راگەیاندووە، دوێنێ لە ناحیەی جەرەفولنەسر لە باكووری پارێزگای بابل بۆمبێكی چێنراو بە ئۆتۆمبێلێكی حەشدی شەعبیدا تەقییەوە و بووە ھۆی كوشتنی یەكێك لە سەركردەكانی كەتیبەكانی حزبوڵڵای عێراق.

سەرچاوەكە گوتیشی: ئەو سەركردەیەي حزبوڵڵا "ئەبوو یاسر موعه‌لیم"ە و پۆستی فەرمانداری ھێزە تایبەتییەكانی كەتیبەكانی حزبوڵڵای ھەبووە و یەكێك بووە لە سەركردەكانی لیوای 47ی سەر بە دەستەی حەشدی شەعبی.

لە لایەن خۆیەوە، كەتیبەكانی حزبوڵڵا كوژرانی عەممار عەبدولحوسێن ھادی ئەلعبوود ناسراو بە "ئەبوو یاسر موعه‌لیم"، یەكێك لە سەركردەكانی راگەیاند.
كەتیبەكانی حزبوڵڵا لە راگەیاندراوێكدا گوتی: موجاھیدێكی كەم وێنە بوو و بەرخوەدانی دژ بە ھێزی داگیركەری ئەمەریكای لە عێراق دەكرد و جیھادی كرد تا شكستی پێھێنان"!.

دوێنی شەممە راگەیاندرا، لیوای 47ی سەر بە حەشدی شەعبی بە بۆمبێكی چێنراو كراوەتە ئامانج و لە ئەنجامدا یەكێك لە كارمەندانی لیواكە كوژراوە، بەبێ ئەوەی ناسنامەی ئەو كەسە ئاشكرا بكەن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×