شوێنێکی دیکەش بەبێ لێبڕین موچە وەردەگرێت
  2021-02-22       830       
وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان خه‌رجكردنی مووچه‌ی مانگی یه‌كی ئه‌مساڵی فه‌رمانبه‌رانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ره‌گه‌زنامه‌ی هه‌رێمی راگه‌یاند، ده‌شڵێت، به‌بێ لێبڕین پاره‌كه‌ خه‌رج ده‌كرێت.

ئاوێنە: له‌ راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری‌، هاتووه‌: لەسەر راسپاردەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، وه‌زیری دارایی و ئابووری رەزامەندی دا بە پێدان و خەرج کردنی مووچەی مانگی (کانوونی دووەم) ساڵی 2021 بۆ کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕەگەزنامەی هەرێم بەبێ لێبڕین.

بەگوێرەی نوسراوەکە، داوای خەرجکردنی مووچەی ئەو کارمەندانە لەسەر داوای وەزارەتی ناوخۆ بووە و لای خۆیشیەوە وەزارەتی دارایی، رەزامەندی بە خەرجکردنی مووچەکانیان بەبێ لێبڕین نیشاندا.

ماوەیەک لەمەوبەر، بەڕێوەبەری پاسپۆرتی سلێمانی رایگەیاند، ئەگەرچی مووچەیان لە حکومەتی فیدراڵیەوە بۆ هاتووە، بەڵام لە هەرێم لێیان دەبڕدرێت و ئەوەش بووەتە هۆی ناڕازیبوونیان و مووچەکانیان تا لێبڕینەکە هەڵنەوەشێتەوە، وەرناگرن.

هەر بەو هۆکارە، لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا و بەهۆی پێنەدانی مووچەکانیانەوە، سەرجەم فەرمانگەکانی کارتی نیشتمانی و نوسینگەکانی زانیاری پاریزگای سلیمانی بە قەزا و ناحیەکان و ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین و پاریزگای هەڵەبجە بایکوتی دەوامیان کرد.

لە بەرامبەردا، وەزارەتی دارایی هەرێم رایگەیاند، کۆی مووچەی فەرمانبەرانی هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەنداوەكان و رەگەزنامەی هەرێمی كوردستان بۆ یەک مانگ بریتییە لە نزیكەی شەش ملیار و 250 ملیۆن دینار، بەڵام ئەو بڕەی حکومەتی ناوەندی بۆی ناردوون بەشی نزیکەی 25%ی فەرمانبەران دەکات و هەر بەو هۆکارەیە کە ناتوانن بە تەواوی موچەکانیان دابەشبکەن.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×