وتەبێژی حكومەت: پڕۆسەی خوێندن وەك خۆی بەردەوام دەبێت
  2021-02-22       602       

جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، رایگەیاند، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنادا بڕیاردراوە خوێندن لەسەرجەم خوێندنگاو پەیمانگاو زانكۆكاندا وەك خۆی بەردەوام بێت.

ئاوێنە: ئەمڕۆ لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا لە هەرێم كۆبوەوەو بەپێی قسەی جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆبونەوەكەدا لەژێر رۆشنایی هەڵسەنگاندنی دۆخی كۆرۆنا، كۆمەڵێك رێكارو بڕیاری نوێ دراون.

جوتیار عادل لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند لە كۆبونەوەكەدا بڕیادرا كە "خوێندن لە سەرجەم خوێندنگا و پەیمانگاو زانكۆكان وەك خۆی بەردەوام دەبێت بە رەچاوكردنی رێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستی لەگەڵ توندكردنی رێنمایی و رێكارەكانی خۆپارێزی بەمەبەستی پاراستنی تەندروستی خوێندكاران و مامۆستایان و هاوڵاتیان."

ئاماژەی بەوەشدا كە بڕیاردراوە یادەكانی مانگی ئازار بەرز رابگیرێن بەڵام بەبێ گردبونەوەی جەماوەری و "داواش لە هەمو لایەنەكان دەكەین بە تایبەت حیزبەكان و لایەنە سیاسییەكان پابەندی ئەم رێنماییەو رێنماییەكانی دیكەی وەزارەتی تەندروستی بن."

هەروەها ئاماژەی بەوەدا كە لەكۆبونەوەكەدا دەسەڵات درا بە ژوری ئۆپەراسیۆنی پارێزگاكان كەوا ئەو بازگانەی لەنێوان پارێزگاكانی هەرێم و پارێزگاكانی دیكەی عێراقدان رێكبخرێنەوەو "تا بتوانن هاتوچۆ پێیاندا كەمبكرێتەوەو تەنها رێگە بە وەفدە حكومی و دیپلۆماتییەكان بكرێت هاتوچۆی نێوان عێراق و هەرێم بكەن."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×