حیزبەکەی ئەردۆغان لە هەوڵدایە هەدەپە دابخات
  2021-02-23       361       
بە گوێرەی پڕۆژەیەك كە پارتی داد و گەشەپێدانی دەسەڵاتداری توركیا ئامادەی كردووە لە هەوڵدایە پارتی دیموكراتی گەلان(هەدەپە) دابخات و رێگریش بكات لەوەی دواتر بە ناوی ترەوە دروست بكرێتەوە.

ئاوێنە: پارتی دادو گەشەپێدان لە ماوەی رابردوو بەشێوەیەكی بەردەوام كار بۆ ئەوە دەكات كە یاسای هەڵبژاردن گۆڕانكاری تیادا ئەنجامبدرێت، ئەو بەشەی دەستوریش كە پەیوەندی بە هەڵبژاردن و پارتە سیاسیەكانەوە هەیە هەموار بكرێتەوە.

بەگوێرەی پڕۆژەكەی پارتی داد و گەشە (ئاكەپە) كە ئامادەی كردووە دەیەوێت هەر پارتێكی سیاسی كە لە پێناوی بەرژەوەندی گشتی داخرا رێگری بكرێت لە دروستكردنەوەی پارتی سیاسی دیكە لە ژێر ناوی دیكەدا.

بەگوێرەی شیكردنەوەیەك كە پێگەی (دیموكراسی هەبەر)ی توركی بڵاویكردووەتەوە كە نزیكە لە هەدەپە ئاشكرایكردووە، ئەو گۆڕانكاریەی پارتە دەسەڵاتدارەكەی توركیا ئامادەی كردووە تەنها لە دژی هەدەپە نیە، بەڵكو ئامانجی سەرجەم ئەو پارتە نوێیانەیە كە لە ماوەی رابردوودا دروستبوون بۆ ئەوەش ناچارە هەمواری ماددەی 14ی دەستوری توركیا بكاتەوە.

ئاكەپە دەیەوێت بەربەستی هەڵبژاردن كەمبكاتەوە بۆ (7%)ی دەنگەكانی وڵات بۆ هەر پارتێك كە بەشداری هەڵبژاردن دەكات، بەڵام لەبەرامبەردا دەشیەوێت رێگری لە كادر و بەرپرسانی ئەو حزبانەش بكات كە دادەخرێن، بۆ ئەوەش بیرۆكەیەكی دیاریكردووە تا بۆ ماوەی پێنج ساڵ رێگری بكرێت لە بەرپرسانی ناوچەیی و باڵای ئەو پارتە كە بۆ ماوەی 5 ساڵ نەتوانن هیچ پارتێك دروست بكەن.

پێگەكەی نزیك لە هەدەپە ئەوەشی روونكردووەتەوە كە مادەكانی 68 و 69ی دەستوری توركیا كە پێوەری داخستنی حزبەكانیشی تێدایە، ناتوانێت ڕێگری لە دروستكردنەوەی حزبێك بكات لەژێر ناوێكی دیكەدا.

لە سڵی 1991وە كورد بە رێگای جیاواز بەشداری لە پەرلەمانی توركیادا كردووە هەر جارێك پارتێكی سیاسی داخرا بێت بەشێوەیەكی خێرا دەستكراوە بە دروستكردنەوەی پارتێكی دیكە و هەمان ئەو كەسانەی پێشتر كاریان كردووە لە حزبێكی نوێدا خۆیان رێكخستووەتەوە، بەڵام بۆ هەڵَبژاردن بەردەوام پشتیان بە كاندیدی سەربەخۆ بەستبوو.

لە دواین هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیا پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) توانی بۆ یەكەمجار وەك پارت بەشداری هەڵبژاردن بكات و بەربەستی یاسایی تێپەڕ بكات كە 10%ی دەنگەكانی وڵات بوو، بەڵام دوای ئەوە هاوسەرۆكانی هەدەپە و ژمارەیەكی زۆر لە بەرپرسان و پەرلەمانتارانی ئەو حزبە دەستگیركران.
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×