د.شایان عەسكەری: ئاسایشی هەولێر ڕێگە نادات پەرلەمانتاران سەردانی سزادراوانی بادینان بكەن
  2021-02-23       581       
د.شایان عەسكەری
د.شایان عەسكەری ده‌ڵێت، سزادراوانی‌ بادینان مانیان لەخواردن گرتوەو ڕەوشی دەرونی‌و تەندروستییان باش نییە. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ئاسایشی هەولێر ڕێگە نادات پەرلەمانتاران سەردانی سزادراوانی بادینان بكەن.

ئاوێنه‌: د.شایان عەسكەری، پەرلەمانتاری فراكسیۆنی گۆڕان بەسایتی‌ ڕۆژنیوزی ڕاگەیاندووه‌، چەند ڕۆژێكە وەكو فراكسیۆنی گۆڕان لەهەوڵدان بۆ ئەوەی سەردانی چالاكوان‌و ڕۆژنامەنوسانی بادینان بكەن لەزیندان، بەڵام بەرپرسانی ئاسایش ڕێگەیان پێ نادەن.

بەوتەی ئەو پەرلەمانتارە، "قسەیان لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاسایشی گشتیی هەولێرو نوێنەری ئەنجومەنی ئاسایش كردوە، بەڵام ئەوان دەڵێن، "دەبێت قسە لەگەڵ سەروی خۆمان بكەین ئینجا وەڵامتان دەدەینەوە"، به‌ڵام تائێستا وەڵامی داواكارییەكەیان نەدراوەتەوە.

د. شایان عەسكەری ئاماژەی بەوەش كردووه‌ كه‌ سزادراوانی بادینان مانیان لەخواردن گرتوەو ڕەوشی دەرونی‌و تەندروستییان باش نییە، "ئێمە خاوەنداریی لەو دۆسیەیەو سەرجەم دۆسیەی ئازادیخوازان دەكەین".

ڕۆژی ١٦ی ئەم مانگە، دادگای هەولێر سزای شەش ساڵ زیندانیكردنی بەسەر پێنج ڕۆژنامەنوس‌و چالاکوانی بادیناندا سەپاند، بڕیاره‌كه‌ی‌ دادگا كاردانه‌وه‌و ناڕەزایی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×