كازمی و بایدن: دەبێت ئەو كەسانە سزا بدرێن كە بەرپرسن لە هێرشە موشەكییەكان
  2021-02-24       552       
كۆشكی سپیی ئەمریكا ڕایگەیاندووە، كازمی و بایدن لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا تاووتوێی هێرشە موشەكییەكانی ناوخۆی عێراقییان كردووە و ڕێككەوتن لەسەر سزادانی ئەو كەسانەی بەرپرسن لەو هێرشانە.

ئەمڕۆ چوارشەممە 24ی شوبات، لە ڕاگەیەندراوێكدا كۆشكی سپیی ئەمریكا ڕایگەیاندووە، جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا و مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق گفتوگۆیان لەبارەی هێرشە موشەكییەكان ئەمدواییانەی سەر هێزە عێراقییەكان و هێزی هاوپەیمانی كردووە و ڕێككەوتوون لەسەرە ئەوەی “ئەو كەسانەی بەرپرسن لەو هێرشانە سزا بدرێن”.

لای خۆشییەوە لە تویتێكدا درەنگانێكی ئەمشەو، مستەفا كازمی ئاماژەی بەوەكردووە، “لە پەیوەندییەكدا لەگەڵ سەرۆك جۆ بایدن، تاووتوێی پەرەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان و بەهێزكردنی هەماهەنگیی هاوبەشمان كرد”.

ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ڕێككەوتین كار بكەین بۆ چەسپاندنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەكە و پێكەوە شەڕی داعش بكەین و جەختمان كردەوە لە درێژەپێدانی گفتوگۆی ستراتیژیی نێوان هەردوو وڵات”.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×