شێخ جه‌عفه‌ر : به‌فشارى ئه‌مریكا سێ موچه‌ به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ به‌14 لیوا هاوبه‌شه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ده‌درێت
  2021-02-24       1054       
جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم ئاشكرایده‌كات، به‌فشارى ئه‌مریكا سێ موچه‌ به‌سه‌ریه‌كه‌وه‌ به‌14 لیوا هاوبه‌شه‌كه‌ى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ ده‌درێت، هاوكات یه‌كێتى‌و پارتى به‌هۆكارى یه‌كنه‌گرتنه‌وه‌ى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌هه‌رێمى كوردستان تۆمه‌تبار ده‌كات‌و ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، "هەرکات واز لەدەستکەوت‌و دەسەڵات هێنرا، دەبینە خاوەنی هێزێکی نیشتمانی".

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاشكرایده‌كات، تائێستا سەرکردایەتیی پارتی‌و یەکێتی لەگەڵ یەکگرتنەوەی پێشمەرگە نین، "ئه‌مریكاش تەنها هاوکاریی 14 لیوای هێزەکانی پێشمەرگە دەکات".

به‌وته‌ى شێخ جه‌عفه‌ر، "چوار وڵات چاکسازی لەڕیزەکانی پێشمەرگە دەکەن، به‌ڵام هه‌ندێك كه‌سیش به‌ربه‌ستن لەبەردەمیدا له‌ناوخۆ".
 
ئه‌وه‌شى وت:"یەکێتی‌و پارتی ڕەزامەندنین لەیەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، یەکخستنەوەی پێشمەرگەش کاتی دەوێت‌و بەرنامەیەکی رێکوپێک دانراوە بۆ یەکخستنەوەیان".
 
سه‌باره‌ت به‌و سێ موچه‌یه‌ى لیوا هاوبه‌شه‌كانیش جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێم نه‌یشاردۆته‌وه‌، "ئەو بڕە پارەیەی ئه‌مریكا هێناویانە دیارە هی چەند مانگێکە، بۆیە ئاگاداری وەزارەتی پێشمەرگەو حکومەتی هەرێمیان کردەوە کە دەبێت ئەو پارەیەی هاتوە بۆ موچەی پێشمەرگە لەوەزارەتی پێشمەرگە بەزوترینکات دابەشبکرێت کە ئێستا موچەیەکیان داوە، سێ موچەش دەبێت لەو مانگەدا بدرێت بەئاگاداریی ئەوان‌و لەژێر چاودێریی خۆیان".
 
ئه‌وه‌شى ڕونكردۆته‌وه‌، "پێشتر هاوپەیمانان بڕێک پارەیان بۆ وەزارەتی پێشمەرگە بۆ کڕینی پێداویستییە ئیدارییەکان‌و خۆراک تەرخانکردبوو، هاوکات نیو موچەیەکی پێشمەرگەشی تێدابوو، بەڵام ئێستا موچەی تەواو بەو 14 لیوایە دەدەن کە سەر بەوەزارەتی پێشمەرگەن، ڕاستە لەو لیوایانەش هەندێک گرفت هەیە، بەڵام پێموایە ئەو گرفتانەش لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە چارەسەردەکرێن".

سه‌باره‌ت به‌یه‌كه‌كانى 70و 80ى پێشمه‌رگه‌ش شێخ جه‌عفه‌ر بۆ میدیاكانى پارتى وتویه‌تى:"هاوپەیمانان بەتایبەتیش ئەمریکا، هەر لەسەرەتای هاتنیانەوە بۆ ڕزگارکردنی عێراق تا ئەمڕۆ دەڵێن ئێمە یارمەتیی هیچ هێزێک نادەین کە لەژێر کۆنترۆڵی وەزارەتی پێشمەرگەدا نەبێت، تەنانەت لەکاتی گەیاندنی هاوکارییە سەربازییەکانیان‌و پڕچەککردنی هێزەکانی پێشمەرگەش، تەنها هاوکاریی ئەو 14 لیوایە دەکەن کە لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدان".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×