ئێران؛ وێڕای بڵاوەپێكردنی هێزێكی ئەمنی زۆر، لە سیستان و بەلوچستان ناڕەزایەتییەكان بەردەوامن
  2021-02-24       756       

رۆژی دوشەممەی ئەم هەفتەیە لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئێران دەیان كەسی ناڕازی لە شۆفێرانی گواستنەوەی سوتەمەنی لە پارێزگای سیستان و بلوچستان كوژران، ئەمڕۆش لە شارو شارۆچكەكانی ئەو پارێزگایە ناڕەزایەتییەكان بەردەوام بون و كۆمەڵێك خەڵكی ناڕازی هەڵیانكوتاوەتە سەر بنكەیەكی پۆلیسی ئەو وڵاتە لە ناوچەی "سەرجەنگەڵ"ی پارێزگاكە.

ئاوێنە: بەپێی قسەی ئەو رێكخراوانەی كە چاودێری مافەكانی مرۆڤ لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان دەكەن، رۆژی دوشەممەی ئەم هەفتەیە، لەئەنجامی تەقەكردنی هێزە ئەمنییەكانی ئێراندا لەشۆفێرانی ناڕازیی گواستنەوەی سوتەمەنی لە شاری سەراوانی پارێزگاكە، 10 كەس كوژران و پێنجی دیكەش برینداربون.

بەپێی بی بی سی فارسی، ئەمڕۆش ناڕەزایەتییەكان بەشێوەیەكی پەرتەوازە لە چەند ناوچەیەكی پارێزگای سیستان و بەلوچستان بەردەوامیان هەبوە، ئەوەش لە سایەی بڵاوەپێكردنێكی زۆری هێزە ئەمنییەكاندا.

بەگوێرەی چەند ڤیدیۆیەك كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراونەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، كۆمەڵێك خەڵكی ناڕازی لە ناوچەی "سەرجەنگەڵ" لە پارێزگای سیستان و بلوچستان هێرشیان كردۆتە سەر بنكەیەكی پۆلیسی ئێران و دەستیان بەسەردا گرتوە.

عەبدوڵا عارف، بەڕێوەبەری كەمپەینی چالاكوانانی بەلوچ، بە بی بی سی وتوە، هێزە ئەمنییەكان، لە چەند ناوچەیەك و سەنتەری پارێزگاكە، ئەمڕۆ چوارشەممە، خۆیان نمایش كردوە.
رۆژی رابردو داواكرابو درێژە بە ناڕەزایەتییەكان بدرێت لەپێناو دژایەتیكردنی كوشتنی شۆفێرانی گواستنەوەی وزە.

بەپێی قسەی كەمپەینی چالاكوانانی بەلوچ، بەشێكی زۆریی دوكان و بازاڕەكانی ئێرانشار و سەراوان، وەك ناڕەزایەتی لەلایەن خەڵكەوە داخراون.

لەدوێنێوە تاوەكو ئێوارەی ئەمڕۆ هێڵەكانی ئینتەرنێت لە ناوچەیەكانی پارێزگاكە كێشەیان تێكەوتوە.

بەقسەی محەمەد هادی مەرعەشی، یاریدەدەری ئەمنی پارێزگاری سیستان و بەلوچستان لە روداوەكەی رۆژی دوشەممەدا دو كەس كوژراون و شەش كەسیش برینداربون.

رۆژی رابردوش ناوچەی سەراوان ناڕەزایەتی بەرفراوانی بەخۆیەوە بینی.

 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×