وەزیری دارایی: داهات زیاتر بێ رێژەی لێبڕینی موچە کەمدەکرێتەوە
  2021-02-24       398       

وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەڵێت: ئەگەر داهات زیاتر بێت، لێبڕینی موچە کەم دەکرێتەوە.

ئاوێنە: ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەمیانی بەشداریكردنی لە بەرنامەیەكی کەناڵی (کوردستان24)دا وتی"پرۆژە بودجەی هەرێمی کوردستان گەیشتۆتە قۆناغی کۆتایی و بەرەو تەواوبونە، هەندێک کێشەی هونەری ماون، وەکو نرخی نەوت و بودجەی پێشمەرگەو هەندێک داتای وەزارەتەکان تەواو بێ بە چەند ڕۆژێک پەسەنددەکرێ و بۆ پەرلەمانی کوردستان دەنێردرێ."

وەزیری دارایی وتیشی"بودجە هەنگاوێکی گرنگی شەفافیەت و بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی و چاکسازی دەبێ کە کابینەی نۆیەمی حکومەت لە کارنامەکەیدا پەسەندی کردوە."

هەروەها ئاوات شێخ جەناب لەبارەی موچەوە وتی"بەهۆی قەیرانی داراییەوە موچە بوە بەرپرسیاریەتی هەمومان، پرسی لێبڕینی موچەش بڕیاری تەواوی حکومەتەو ناچاری بوە بەمەبەستی خۆگونجاندن بوە، خۆشبەختانە ئێستا هەنگاوەکان بۆ زیادکردنی داهاتی ناوخۆ بەرەو پێشچوە، ئەگەر داهاتەکە باشتربێ ڕێژەی لێبڕینی موچەش کەم دەکەینەوە."

لەبارەی گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا وتی"کێشەکە بە تەنها لەسەر پشکی بودجەی هەرێمی کوردستان نییە، بەڵکو کێشەی تریش هەیه بۆ نمونە لە تەواوی عێراق داوای سندوقێکی داهاتی نەوت دەکرێ که 5%ی داهاتاکانی بۆ پارێزگاکان بێ، تاوەکو ئێستا شیعەکان له نێوخۆیاندا ڕێککەوتنی خۆیان لەبارەی ئەو بڕگانە نەکردوە کە پەیوەستن بە مافە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە بودجە، ئەگەر ئەوان پێشنیارێکیان هەبێ، ئەگەرنا کاری شاندی ئێمه لەسەر هەمو ئاستەکان تەواو بوە."


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×