پیرانشار؛ دو برا لەلایەن هێزەكانی سوپای پاسدارانەوە كوژران
  2021-02-24       395       

ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزەكانی سوپای پاسدارانی ئێران لەسنوری "پیرانشار"ی سەربە پارێزگای ورمێ، دەستڕێژی گوللـەیان لە ئۆتۆمبێلێك كردوەو دو برایان كوشتوە.

ئاوێنە: بەپێی راپۆرتێكی رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو كە چاودێری مافەكانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزەکانی سوپای پاسداران لەسەر ڕێگای گوندی "شیناوا" بەرەو گوندی "زێدان"ی سەر بە شاری پیرانشار، بە بێ هیچ ئاگادارکردنەوەیەکی پێشوەخت دەستڕێژیان لە ئوتۆمبێلێک کردوەو دو برایان کوشتوە.

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە ئەو دو برایە ناویان "عەبدوڵا نادری" و "عوسمان نادری"یە و خەڵکی پیرانشارن و دوای كوشتنیان تەرمەكانیان لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بۆ پیرانشار گوزاراونەتەوە.

رێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاوی ئاشكراشیكردوە، كە بەپێی ئەو زانیاریانەی بەدەستیان گەیشتون، ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار باوک و دایک و چەند ئەندامێكی بنەماڵەی ئەو دو برایەیان دەستبەسەر کردون.

تاوەكو ئێستا هۆكاری تەقەكردنی هێزەكانی سوپای پاسداران لەو ئۆتۆمبێلەو كوشتنی ئەو دو برایە ئاشكرانەكراوە.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×