ئەمریكا: ئارامگرتنمان بەرامبەر ئێران سنووری هەیە
  2021-02-25       501       
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاندووە، ئارامگرتنی ئەمریكا بەرامبەر بە ئێران سنووری هەیە.

ئاوێنە: بەگوێرەی هەواڵێكی سكای نیوز كە ئەمڕۆ 25ی شوبات بڵاویكردووەتەوە، نید پرایس، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا ڕایگەیاندووە، “ئارامگرتنی ئەمریكا لەسەر ئێران سەبارەت بە گەڕانەوەی بۆ گفتوگۆكردن لەسەر ڕێككەوتنی ئەتۆمی، سنووری خۆی هەیە”.

ئەمریكا هەفتەی پێشوو هەلێكی دا بە ئێران بۆ ئەوەی بە ئامادەبوونی وڵاتانی بەشدار لە ڕێككەوتنی ئەتۆمی دانوستانەكانیان دەستپێبكەن، بەڵام تا ئێستا ئێران وەڵامی ئەمریكای نەداوەتەوە.

سەبارەت بەوەی ئەو هەلەی ئەمریكا تا كەی كراوە دەبێت؟، پرایس ئاماژەی بەوەكردووە، “ئەو هەنگاوانەی ئێران هەڵی گرتوون بە پێشێلكردنی بەندەكانی ڕێككەوتنی ئەتۆمی، ئەمریكا دەخاتە بەردەم ئاڵەنگارییەكی بەپەلەوە”.

وتەبێژی دەرەوەی ئەمریكا ئەوەشی خستوەتەڕوو، “ئارامگرتنمان سنووری خۆی هەیە، بەڵام سەرۆكی ئەمریكا و ئێمە پێمان وایە بۆ ڕێگری لە ئێران بۆ ئەوەی نەبێت بە خاوەنی چەكی ئەتۆمی، ڕێگای دێپلۆماسییە”.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×