ئیتڵاعاتی ئێران: ئەو دو برایەی لە پیرانشار كوژران سەربە "گروپێكی چەكداری" بون
  2021-02-25       1427       

وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران دەڵێت، ئەو دو برایەی دوێنێ چوارشەممە لەسنوری شارۆچكەی پیرانشاری سەر بە ورمێ لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی ئەو وڵاتەوە كوژران، سەربە "گروپێكی چەكداری" بون كە بارەگاكەی لە "باكوری عێراقە"، لەكاتێكدا بەپێی قسەی رێكخراوێك، ئەو دو كەسە، دو هاوڵاتی مەدەنی بون.

ئاوێنە: رۆژی رابردو رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، كە چاودێری مافەكانی مرۆڤ لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەكات، رایگەیاند، پاشنیوەڕۆی ڕۆژی چوارشەممە، هێزە ئەمنییەکانی پێكهاتو لە هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات و قەرارگای هەمزەی سوپای پاسدارانی ورمێ، لە ڕێگای نێوان گوندەکانی شیناوێ بۆ زەیدان لە سنوری شارۆچكەی پیرانشار، ئوتمبێلێکی جۆری وانێت پەیکانیان دایە بەر دەسڕێژ و لە ئەنجامدا دو برا كە سەرنشینی ئەو ئوتۆمبێلە بون بە ناوەکانی عەبدوڵلا نادری و عوسمان نادری کوژراون.

پاش ئەوە وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران سەبارەت بە روداوەكە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، لە ئۆپەراسیۆنێكی لە هێزەكانی قەرارگای هەمزەی سوپای پاسدارانی ورمێدا بە هاوكاری فەرمانگەی ئیتڵاعاتی پارێزگای ئازەربایجانی رۆژئاوا(ورمێ)، "دو چەكدار"ی سەربە گروپێك كوژراون كە گروپەكە بنكەی سەرەكی لە "باكوری عێراقە."

هەرچەندە وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران ئەو دو كەسەی بە چەكدار و "تیرۆریست" ناوبردون، بەڵام ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێكخراوی هەنگاوی جەختی كردۆتەوە كە "بەتیرۆریست ناوبردنی ئەو دو کەسە لە کاتێکدایە کە ئەوان هاوڵاتیی مەدەنی و دانیشتوی شاری پیرانشار بون."

رێكخراوەكە ئاماژەی بەوەداوە كە "هیزە ئەمنییەکانی ئێران تەرمەکانی ئەو دو برایەیان لەگەڵ خۆیان بردوە و سەرەڕای بەدواداچونی بنەماڵەکانیان تا ئێستا تەرمەکانیان ڕادەست نەکردونەتەوە."

ئەوەشی خستۆتەڕو"شەوی ڕابردوش دەیان کەس لە ئەندامانی بنەماڵەی نادری لە پێش ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار کۆبونەوە و باوک و دایک و چەند خزمی تری کوژراوەکان بۆ چەند کاتژمێر دەستبەسەر کران."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×