عەلی حەمەساڵح: عومەر سەید عەلی هەرگیز باوەڕی بە ئۆپۆزسیۆن بون نییە
  2021-02-25       1300       

عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان لە سەر بێهەڵوێستیان بەرامبەر بە بڕیاری دەستگیركردنی لایەنگرو هەڵسوڕاوانی گۆڕان لەبادینان، رەخنە لە بەرپرسانی حكومیی حزبەكەی دەگرێت و لەبەرامبەر تۆمەتباركردنیشی بەوەی كە ئەندازیاری سەرەكی چونی گۆڕان بوە بۆ ناو حكومەت، دەڵێت، واقیعەكە ئەوەیە كە عومەر سەید عەلی، رێكخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان "ھەرگیز باوەڕی بە ئۆپۆزسیۆن بون نییە."

ئاوێنە: عەلی حەمەساڵح، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە پۆستێكدا لە لاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی"کەسی ناشایستە پۆست و بەرپرسیاریەتی پێدرا، ئەستەمە لە خنکاندنی ئازادی تێبگات."

وتوشیەتی"دەنگدەرو لایەنگرو ھەڵسوڕاوە دڵسۆزەکانی گۆڕان لە بادینان بەتۆمەتی ناڕەوا فەرمانی گرتنیان بۆ دەرچێت، نیگەران بن دڵسۆزێک باسی ھەڵوێستتان لێبکات لەم حکومەتەدا."

عەلی حەمەساڵح لەوەڵامی كەسێكدا كە تۆمەتباری كردوە بەوەی كە ناوبراو خۆی "ئەندازیاری سەرەکی چونە ناو حکومەت بوە" وتویەتی"کەس ئەندازیار نەبوەو ڕێکخەری گشتی و ئەوانەی ھاوڕابون بڕیاری چونە حکومەتیان دابو، لیژنەی دانوستانیشیان دروستکردبو، من گفتوگۆی یەکەم و دوەمی دانوستان ھەر بەشدارنەبوم، بەڵام کە پارتی ھێمن ھەورامیان ھێنا وەک سەرۆکی فراکسیۆن منیش وەک سەرۆکی فراکسێۆن بەشداربوم، ئەوەی ئێستا لە میدیا دەیڵێم لە کۆبونەوەش وتومە، چڤات بە کۆمەڵێک مەرج بڕیاری بەشداریکردنیدا، ئەویش چاکسازی و جێبەجێکردنی ئەو ڕێککەوتنەیە کە واژووکرا."

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان وتوشیەتی"لە کۆبونەوەی جەماوەری و چڤاتیش وترا شەش مانگی یەکەم و ئەگەر نەبو، شەش مانگی دوەم ھەڵوێستمان دەبێ. منیش وتم: ئەم ڕێککەوتنە جێبەجێبکرێت لە خزمەتی خەڵکی کوردستانە، نەشکرێ من بێھەڵوێست نابم. من ڕاستگۆ بوم و ھەڵوێستی خۆم ھەبوەو ھەموان شاھیدن."

بەقسەی عەلی حەمەساڵح "بەشداریکردن لە حکومەت عەیب نییە، بەبێ دەسەڵاتی لە حکومەت بیت، خراپە.. قاچاخی و دیارنەبونی داھاتی نەوت و تاڵانکردنی زەوی و سەرکوتکردنی ئازادی، ئێمە لە چیدا شەریکین."

هەر لەوبارەیەوە ئەوەشی خستۆتەڕو"واقعێک ھەیە بەڕێز کاک عومەر ھەرگیز باوەڕی بە ئۆپۆزسیۆن نییەو پێیوایە ھەرچۆن بێت، تۆش پشکێکت ھەبێ لە دەسەڵات زۆر باشترە لە ئۆپۆزسیۆن!"

جەختیشی كردۆتەوە "ئەگەر بەقسەی من بچونایەتە حکومەت بە قسەی منیش دەھاتنەدەر."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×