سلێمانی؛ لەسەر دزینی بڕە پارەیەكی زۆر لە دو كاسبكار، باندێك دەستگیركران
  2021-02-26       562       

ئاسایشی سلێمانی دەستگیركردنی باندێكی هەشت كەسی بە تۆمەتی دزینی بڕە پارەیەكی زۆر لە دو كاسبكاری نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لەناو شاری سلێمانی، راگەیاند.

ئاوێنە: بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی، ئەمڕۆ هەینی، لە راگەیەندراوێكدا وتی: بەبڕیاری دادوەرو لە چەند چالاکییەکی جیاوازدا لە نێوان ڕۆژانی (٢٠٢١/٢/٧ بۆ ٢٠٢١/٢/٢٢)، لەناو شاری سلێمانی، ھێزەکانیان باندێکی (٨) کەسیان دەستگیركردون کە سەرجەمیان بە ڕەچەڵەک کوردن و ھەستاون بە ئەنجامدانی دو تاوانی جیاواز لە دو کات و شوێنی جیاوازدا.

بەپێی راگەیەندراوەكە، تاوانەکانی ئەو باندە بریتی بون لە دزینی پارە لە دو کاسبکاری نوسینگەی ئاڵوگۆڕی دراو لەناو شاری سلێمانی، کە لە تاوانی یەکەمدا بڕی 60 هەزار دۆلاری ئەمریكی و لە تاوانی دوەمدا 47 ملیۆن دیناری عێراقیان لەو کاسبکارانە سەندوە.

ئاسایشی سلێمانی ئاماژەی بەوەداوە كە ئەندامانی ئەو باندە، پاش ئەنجامدانی تاوانەکانیان و خۆحەشاردانیان، دەستگیركراون.

ئەوەشی خستۆتەڕو كە لە ئێستادا بەفەرمانی دادوەر تۆمەتبارەكان ڕاگیراون و لێکۆڵینەوە لەکەیسەکەیان بەردەوامە.

بەپێی راگەیەندراوەكە تۆمەتبارەكان پێكهاتون لە:

(م ، أ ، س/ لەدایکبوی ساڵی ١٩٩١)
(ع ، ع ، ع / لەدایکبوی ساڵی ١٩٨٦)
(ڕ ، م ، ل/ لەدایکبوی ساڵی ١٩٨٧)
(ب ، ح ، ع/ لەدایکبوی ساڵی ١٩٨٩)
(ی ، أ ، س/ لەدایکبوی ساڵی ١٩٧٩)
(ب ، ح ، ع/ لەدایکبوی ساڵی ١٩٩٧)
(س ، أ ، أ/ لەدایکبوی ساڵی ١٩٩٨)
(خ ، ح ، ع/ لەدایکبوی ساڵی ١٩٨٦) 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×