جەبار یاوەر: لێکۆڵینەوە لەو ئۆتۆمبێلە دەکرێت كه‌ هێرشه‌كه‌ی‌ هەولێری‌ پێ ئه‌نجامدرا
  2021-02-26       1106       
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان ده‌ڵێت، وەزارەتی ناوخۆ بەهاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانان لێکۆڵینەوە لەو ئۆتۆمبێلە دەکات كه‌ هێرشه‌كه‌ی‌ هەولێری‌ پێ ئه‌نجامدرا. ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ هێشتا هەڕەشەی تیرۆر لەسەر هەرێمی کوردستان ماوە.

ئاوێنه‌: فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی‌ ئه‌نادۆڵ رایگەیاندووه‌، "لەبەر ئەوەی پاراستنی ئەمنییەتی شارەکان ئەرکی هێزەکانی ناوخۆیە ئەرکی پێشمەرگە نییە بۆ نموونە هەموو هەولێر بگەڕیین هیچ شوێنێک نییە پاراستنی بە ئێمە سپێردرابێت، نە وەزارەتەکان نە کۆنسوڵگەرییەکان نە خودی فڕۆکەخانە هەموو ئەو ئەرکە دەگەڕێتەوە بۆ هێزەکانی پاراستنی ناوخۆ لەبەر ئەوە پاش ئەو رووداوە وەزارەتی ناوخۆ خۆی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی دروستکرد بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانان چونکە بەشێک لەو مووشەکانە لە بارەگاکانی هاوپەیمانان درابوو کە لەناو سنووری فرۆکەخانەدان و ئەوان بەیەکەوە دەستییان کردووە بە لێکۆڵینەوە و هەر ئەو شەوە توانییان ئەو ئوتومبیلە کە لەجۆری کیابوو لە شوێنێکی نزیک هەولێر بدۆزنەوە کە قاعیدەی مووشەکەکانی لەسەر بوو، ئەوەیان دۆزیەوە بەڵام هەتاوەکو ئێستاش لە هەوڵدان بۆئەوەی بزانن بکەرەکان کێن و چۆن ئەو ئوتومبیلە گەیشتووەتە ناو هەولێر و سنووری هەولێر، بۆئەوەی بتوانن رێگری لەوە بکەن جارێکی دیکە رووداوی وا روونەدات".

وتیشی، "رووداوەکەی پێشتری مانگی نۆی ساڵی ٢٠٢٠ لە بەرتلەوە بوو واتە لەدەرەوەی دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بوو و مووشەکەکانیش دوور هاوێژتر بوون بەڵام ئەمەیان لەناو هەرێمی کوردستانەوە بوو دەبێت زیاتر لێی بکۆڵنەوە کە چۆن ئەو ئوتومبیلە گەیشتووەتە ئەو شوێنە و لە هەمان رۆژیشدا کازمی فەرمانی پێکهێنانی لیژنەیەکی دەرکرد و ئەم دوو لیژنەیە بەیەکەوە هەماهەنگی دەکەن بۆ گەیشتن بەوەی کە بزانن کێیە و چۆن بووە و ئەگەر خەڵکێک دەستنیشان بکرێت کە دەستی لە رووداوەکە هەبووە دەستگیربکرێت و لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکرێت، ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە ئەرکەکەمان هاوکاریکردنی ئەو لیژنەیەیە بە زانیاری، ئێمە بەریوەبەرایەتی گشتی هەواڵگری پێشمەرگەمان هەیە هاوکاری لیژنەکە دەکات بە پێدانی زانیاری".

جەبار یاوەر لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاشکرای کردووه‌ کە هێشتا هەڕەشەی تیرۆر لەسەر عێراق ماوە و داعش لەسەر جموجۆڵەکانی بەردەوامە. ئەو ده‌ڵێت، داعش تەنیا ئیمارەتەکەی لەدەست چووە، ئەگینا بەردەوامە لەسەر خۆ رێکخستەوەو کاری تیرۆریستی.

راشیگه‌یاند، "هێشتا هەڕەشەی تیرۆر لەسەر هەرێمی کوردستان ماوە، هەڕەشەی تیرۆر لەسەر هەموو عێراق و ناوچەکەش ماوە، لەبەر ئەوەی داعش کۆتایی پێنەهاتووە، رێکخراوی تیرۆریستی داعش رێکخراوێکی تیرۆریستی جیهانییە تەنیا لە کۆتایی ٢٠١٧ ئیمارەتەکەی لەدەستچوو ئەگینا وەک رێکخراوێک خۆی رێکخستەوە و بەردەوامی داوە بە کارە تیرۆریستییەکانی خۆی هەم لەرووی فکرییەوە هەم لەرووی کاری چەکداری تیرۆریستییەوە، ئەشبینین ساڵ بە ساڵ جموجۆڵەکانی فراوانتر دەبێت بەتایبەت لەو ناوچانەی کە لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراقدان لەو هێڵانەی هێزەکانی پێشمەرگە لێی دابەشبوون لەگەڵ ئەو هێڵەی سوپای عێراقی لێیە و بەتایبەتتریش ئەو ناوچانەی کە بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناویان دەبەین و سەر بە ماددەی ١٤٠ن لە پارێزگاکانی دیالە و سەڵاحەدین و کەرکووک و هەولێر و مووسڵ".

ئەو باسی لەو بۆشاییە ئەمنییەش کرد کە لە هەندێک ناوچە لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراقدا دروست بووە و رایگەیاندووه‌، "دابەشبوونی هێزەکانی پێشمەرگە هێڵێکە لە خانەقین دەستپێدەکات و لە رەبیعە کۆتایی دێت، نزیکی ١٠٠٠ کیلۆمەتر زیاترە لەبەرامبەر ئەودا هێڵێکی دابەشبوونی سوپای عێراق و هێزەکانی دیکەی عێراق هەیە لەنێوانی ئەم دوو هێڵەشدا لە هەندێک شوێن بۆشایی ئەمنی هەیە کە لەهەندێکیان دەگاتە ٤٠ کیلۆمەتر پانتایی ٢٠ کیلۆمەتر درێژی لە چەند شوێنێکی زۆر بەتایبەت زیاتر ئەو بۆشاییانە دەکەوێتە پارێزگای دیالە، دەکەوێتە ناوچەکانی پارێزگای سەڵاحەدین و هەندێک ناوچەکانی کەرکووک تا دەگاتە قەرەچوخ، لە ناوچەکانی مووسڵ ئەم بۆشاییە کەمترە هێڵەکان لێک نزیکبوونەتەوە و بۆشاییەکی زۆریان لەنێواندا نییە".

جەبار یاوەر ئاشکرای کرد داعش لەو بۆشاییە کەڵکی پێویستی وەرگرتووە بۆ مەشقپێکردنی چەکدارەکانیان و دەڵێت "جگە لەوەش هەندێک شوێنی درێژی هەیە هێزی تێدا نییە نە هێزی عێراقی و نە پێشمەرگە، ئەمەش وایکردووە کە تیرۆریستانی داعش نەک تەنیا کاری تیرۆریستی ئەنجامبدەن بەڵکو توانیویانە بنکەو بارەگا دابنێن وەک ئەوەی لە قەرەچوغ هەیە و چەند جارێک فڕۆکەکانی هاوپەیمانان لێیاندان وەک حەمرین و ناوچەکانی دەوروپشتی خانەقین و نێوان خانەقین و جەلەولا و ناوچەکانی قەرەتەپە، ناوچەکانی نێوان دووزخورماتوو- کفری، بنکەیان هەیە لە هەندێک شوێن هەیە مەشق دەکەن".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×