2021-02-26   1854     
د.غالب محەمەد
ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ هه‌ینی له‌شاری سلێمانی، بەچەقۆ هێرشکرایە سەر د.غالب محەمەد ئه‌ندامی په‌رله‌مانی عێراق، ئه‌ندامێكی په‌رله‌مانی كوردستان-یش ورده‌كاری ڕوداوه‌كه ئاشكرا ده‌كات.
ئاوێنه: دابان محه‌مه‌د، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ڵێت، "کاتژمێر ٦:٣٥ ئەم ئێوارە لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا لەشاری سلێمانی ھێرشکرایە سەر ھاوڕێمان غالب محەمەد ئەندامی پەرلەمانی عێراق. سەردانی ماڵەکەیم کرد، کامێرا چاودێرییەکانم سەیرکردەوە. کەسێک کە دیارە پێشتر پلانی بۆ دانراوە لەنزیک ماڵەکەیدا چاوەرێی دەکات‌و لەگەڵ گەیشتنیدا پەلاماری دەدات."
ناوبراو رایگه‌یاندووه، "ئه‌م ھێرشە بەھەوڵێکی ترسنۆکانە دەزانم بۆسەر دەنگە ئازاکان‌و بەشێکە لەپلان بێدەنگکردنی کۆمەڵگه".
دابان محه‌مه‌د ئاماژه بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه "بەرپرسیارێتی ئەم ھێرشەو ئەوانەشی لەپشتیەوەن، لەئەستۆی دەسەڵات‌و دەزگا ئەمنیەکانی پارێزگای سلێمانیەو ئەرکیانە ھێرشکارەکە دەستگیربکەن‌و پلاندارێژەری پشت روداوەکەش بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن."
دوای ڕوداوه‌كه‌ش، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەتویتێکدا ڕایگەیاند، "ئیدانەی هێرشکردنە سەر پەلەمانتار غالب محەمەد دەکەم‌و سەرجەم دەزگا ئەمنییەکان ڕاسپێردراون لێکۆڵینەوەی ورد لەڕوداوەکە بکەن‌و هێرشبەران ڕوبەڕوی یاسا بکەنەوە."
ئه‌وه‌شی نوسیوه، "لەپەیوەندییەکی تەلەفونیدا هەواڵی کاک غالبم پرسی‌و دڵنیام کردنەوە ئەم کارە ترسنۆکانە لەهیچ کەسێک قبوڵ ناکرێت."
د. غالب محەمەد ئه‌ندامی فراكسیۆنی هاوپه‌یمانی هیوای كوردستانییه له‌په‌رله‌مانی عێراق‌و یه‌كێكه له‌و په‌رله‌مانتارانه‌ی به‌زمانێكی توند ڕه‌خنه له‌ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردستان ده‌گرێت.