خۆپیشاندەرانی ناسریە: ھێورکردنەوەی رەوشەکە و سەقامگیری ئەمنی تەنھا بە لابردنی گەندەڵکاران بەدیدێت
  2021-02-27       405       

خۆپیشاندەرانی ناسریە رایانگەیاند، دەستنیشانکردنی عەبدولغەنی ئەسەدی، وەک پارێزگار نوێی زیقار رەتدەکەنەوە و جەختیش دەکەنەوە ھێورکردنەوەی رەوشەکە و سەقامگیری ئەمنی زیقار تەنھا بە لابردنی گەندەڵکاران بەدیدێت.

ئاوێنه‌:  خۆپیشاندەرانی ناسرییە راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و رایاگەیاند، "لە میانی روداوەکانی ئەم دواییەی پارێزگاکەمان 8 (ھەشت) کەس کوژراون و 150 (سه‌د وپه‌نجا) کەسی دیکەیش برینداربون، کە ئەوەش دەچێتە پاڵ کۆمەڵکوژییەکانی دیکەی لایه‌نه‌ دەسەڵاتدارەکان و ھێزە سەرکوتکارەکانیان".

لە راگەیەنراوەکەدا ھاتوە، لەکاتێکدا دەستنیشانکردنی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی عەبدولغەنی ئەسەدی وەک پارێزگار نوێی زیقار رەتدەکەنەوە، "داوا دەکەین کەسێکی لێھاتو نیشتمانپەروەر و سەربەخۆ لە رۆڵەی شاری ناسرییە وەک پارێزگاری نوێی زیقار دەستنیشان بکرێت".

لە كۆتایی راگەیەنراوەکەدا ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕو، خۆپیشاندەرانی ناسرییە بەردەوامن  لە ناڕەزایەتیی دەربڕینی ئاشتییانە، وێرای سەرکەوتکردن و کوشتنی خۆپیشاندەران، "داواش ده‌كه‌ین نازم وائیلی پارێزگار، راوێژکارەکانی و فەرماندەی پۆلیسی زیقار راپێچی بەردەم دادگا بكرێن".

پێشتر کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق بڵاویكردبوه‌وه‌، "لە میانی پێنج رۆژی خۆپیشاندانەکانی شاری ناسرییە 5  (پێنج ) خۆپیشاندەر کوژراون و 247 (دوسه‌د و چل وحه‌وت) کەسی دیکە برینداربون کە 147 (سه‌د و چل وحه‌وت)یان کارمەندی ئەمنیین.

ھاوکات لەژێر فشاری خۆپیشاندانەکاندا، نازم وائیلی، پارێزگاری زیقار دەستی لەکارکێشایەوە و مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق عەبدولغەنی ئەسەدی سەرۆکی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی وەک پارێزگار بە وەکالەت دەستنیشانکرد.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×