د.غالب محەمەد: هەواڵگریی عێراق مانگێک پێش ئێستا ئاگاداری کردوومەتەوە خۆم بپارێزم
  2021-02-27       1016       
دکتۆر غالب محەمەد ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دۆخی تەندروستیی بەرەو باشیی دەچێت و پۆلیسیش بەردەوامە لە بنکۆڵکردنی هێرشەکەی ئێوارەی دوێنێی سەر ئەو پەرلەمانتارە، د.غالب دەڵێت: مانگێک پێش ئێستا لەلایەن دەزگای هەواڵگریی عێراقەوە ئاگادارکراومەتەوە کە خۆم بپارێزم.

ئاوێنه‌: پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دکتۆر غالب محەمەد لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا ڕایگەیاند: تا ئێستا هیچ بەرەوپێشچوونێک لە کەیسەکەدا نییە، تۆماری کامێراکانمان ڕادەستی پۆلیس کردووە، ڕووخساری کەسەکە دیارە، هیوادارین ئەو کەسە و کەسانی پشت ئەو هێرشەش دەستگیربکرێن.

د.غالب محەمەد خۆی دەڵێت: چەند جارێک بە ژمارەی تایبەت هەڕەشەیان لێکردووم و نەزاندراوە کە کێن ئەو کەسانە، پەیوەندییان بە خۆم و هاوسەرکەمەوە کردووە و هەڕەشەیان لێکردووین.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئاماژە بەوەش دەکات: مانگێک پێش ئێستا سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی عێراق ئاگاداریان کردوومەتەوە لەوەی کە هەڕەشەم لەسەرە و دەبێت خۆم بپارێزم، بۆ ئەو مەبەستە سەرۆک وەزیرانی عێراقیش هاتووەتە سەرخەت، تەنانەت پێیان وتووم کە ئەگەر پێویست بکات هێزم بۆ دەنێرن بۆ پاراستنم، بەڵام من قبوڵم نەکردووە.

 غالب محەمەد عەلی تەمەن ٣٩ ساڵ ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقە لە فراکسیۆنی گۆڕان و ئەندامی هاوپەیمانی هیوانی کوردستانییە، ئێوارەی دوێنێ لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لە گەڕەکی سلێمانی نوێ لەلایەن کەسێکەوە بە “بۆکس خەنجەر” هێرشیکرایە سەر و ئاسەواری نۆ برین بە سەرییەوەیەتی، دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکییش هەر شەوی ڕابردوو ڕەوانەی ماڵەوە کرایەوە.

هێرشەکە ناڕەزایی توندی هاوڵاتیانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا لێکەوتەوە.

هەروەها قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان هەر شەوی ڕابردوو لە توویتێکدا ئیدانەی هێرشەكەی کرد ڕایگەیاند: سەرجەم دەزگا ئەمنییەكان ڕاسپێردراون لێكۆڵینەوەی ورد لە ڕووداوەكە بكەن و هێرشبەران ڕووبەڕووی یاسا بكەنەوە.

هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی لە شەوی ڕابردووەوە دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە لەسەر ڕووداوەکە و تۆماری کامێرای چاودێریی ماڵەکەی د.غالب محەمەدیشیان وەرگرتووە، شەوی ڕابردووش وێنەی تۆمەتبارەکە بڵاوکرایەوە بەڵام هێشتا ناسنامەی تۆمەتبارەکە و هۆکاری هێرشەکە ئاشکرا نەکراوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×