وەزیری تەندروستی: سبەی شەو ڤاكسینی كۆرۆنا لە چینەوە دەگاتە ھەرێم
  2021-02-28       428       

وەزیری تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، سبەی شەو پێنج ھەزار ڤاكسینی كۆرۆنا لە چینەوە دەگاتە ھەرێمی كوردستان و عیراق.


ئاوێنه‌: لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی ئاشكرای كرد، سبەینێ دووشەممە 1ی ئازاری 2021، كاروانی یەكەمی ڤاكسینی (سینۆفارم)ی چینی دەگاتە ھەرێمی كوردستان و عیراق، كە بڕی ھەرێمی كوردستان لەو كاروانە پێنج ھەزار ڤاكسینە.

وتیشی: "لەگەڵ گەیشتنی ڤاكسینەكە پێویستی بە ھەندێك پشكنین ھەیە و دواتر بڕیار لە كاتی بەكارھێنانی دەدرێت".

وەزیری تەندروستی روونیكردەوە: "بەشێك لەو ڤاكسینانە لەسەر داوای كونسوڵی چین بۆ ئەو ھاوڵاتییە چینیانە بەكاردەھێنرێت كە لە ھەرێمی كوردستانن، نزیكەی چوار ھەزار دانەشی بۆ كارمەندانی تەندروستی بەكاردەھێندرێت و بەسەر بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەكان دابەش دەكرێت، كە بۆ ھەر كەسێك دوو ژەم بەكاردەھێندرێت، واتە بەشی نزیكەی دوو ھەزار كەس دەكات".

راشیگەیاند: "ئێستا پڕكردنەوەی فۆڕم و ناونووسین لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی دەستیپێكردووە، بۆ ئەو كەسانەی لە قۆناغی یەكەم ڤاكسین بەكاردەھێنن".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×