بەتۆمەتی "ناوزڕاندنی ئاسایش"، ئەمڕۆ لە بنكەیەكی پۆلیس وتە لە شێروان شێروانی وەرگیرا
  2021-02-28       1176       

ئەمڕۆ شەممە، بەتۆمەتی ناوزڕاندنی ئاسایشی گشتی هەولێر، شێروان شێروانی، یەكێك لە سزادراوانی بادینان، بەبێ ئامادەبونی پارێزەر، برایە بنكەی پۆلیسی خانەقا لە گەڕەكی تەیراوەی شاری هەلێر.

ئاوێنە: بەشدار حەسەن، پارێزەری شێروان شێروانی بە "رۆژنیوز"ی ڕاگەیاند: لەسەر سكاڵایەكی ئاسایشی گشتی هەولێر كە لەڕێگەی داواكاری گشتییەوە بەرزكراوتەوە، ئەمڕۆ شێروان شێروانی چوە بنكەی پۆلیسی خانەقا.

دەربارەی تۆمەتەکەی بەشدار حەسەن، وتی، تۆمەتەكەی ئاسایشی گشتی ئەوەیە گوایە لەكاتی بەڕێوەچونی پرۆسەی داداگاییكردنی شێروان و هاوڕێكانیدا، شێروان شێروانی ناوی ئاسایشی زڕاندوە.

ئەو پارێزەرە ڕەتیكردەوە شێروان شێروانی تەشهیری كردبێت و وتی"تەنها بەرگری لە خۆی كردوە."

بە وتەی بەشدار حەسەن، بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی خانەقا و نوێنەری داواكاری گشتی داوایان كردوە پارێزەر ئامادە بێت لە كاتی وەرگرتنی وتەی شێروان، بەڵام "نوێنەری ئاسایش ڕێگەی نەداوە."

دەربارەی دۆخی سزادراوانی دیکە، بەشدار حەسەن وتی، نازانن دۆخی چالاكوان و ڕۆژنامەنوسانی بادینان چۆنەو ڕێگە نادرێت سەردانیان بكەن.

رۆژی ١٦ی ئەم مانگە (شوبات) پێنج چالاکوانی دەڤەری بادینان لە دادگای تاوانەکانی هەولێر یەکی بە شەش ساڵ زیندانی حوكمدران، ئەوەش کاریگەریی و ناڕەزایی ناوخۆیی و دەرەوەی لێکەوتوەتەوە.

ئەوانەی سزادراون، پێكدێن لە "گوهدار زێباری، شڤان سەعید، شێروان شێروانی، هاریوان عیسا و ئەیاز کەرەم."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×