ناتانیاهۆ: لە ئێران دەدەین
  2021-03-01       1195       
سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ ئەمڕۆ دوو شەممە رایگەیاند، ئێران لە پشت هێرشەكەی سەر كەشتییەكە ئیسرائیلییەكەوەبووە لە كەنداوی عومان لە رۆژی هەینی رابردوو.

ئاوێنە: سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل بۆ رادیۆی ئیسرائیل رایگەیاند، روونە كە ئێران هێرشەكەی ئەنجامداوە، ئەوە كاری ئێرانە، ئەو دووژمنی گەورەی ئیسرائیلە.

راشیگەیاند ئیسرائیل رێگا نادات ئێران چەكی ناوەكی دروست بكات.

راشیگەیاند، هێزەكانیان لە هەموو شوێنێكەوە لە ئێران دەدەن، رێگا نادەن ئێرانییەكان چەكی ناوەكی بە دەستەوە بگرن بە رێككەوتن یان بە بێ رێككەوتن ئەمە بە سەرۆك بایدنیش گوتراوە.

لەسەر ئاستی ئەمنی لێكۆڵینەوە لە هێرشەكەی ئێران دەكرێت كە ئایا وەڵامی كوشتنی زانای ناوەكی ئێرانی موحسین فەخری زادەیە یان بۆ سەپاندنی هاوكێشەیەكی نوێیە لە بەرامبەر سزا سەپێندراوەكان بەسەر ئێراندا بۆ رێگری لە گەیاندنی كەلوپەل بۆ ئیسرائیل كە 90%ی بەرهەمی هاوردەی ئیسرائیلی لە رێگای دەریاوەیە.

رۆژی یەك شەممە وەزیری بەرگری ئیسرائیل بینی گانتس رایگەیاند، ئێران بەرپرسیارە لە هێرشكردنەسەر كەشتییە ئیسرائیلییەكە لە كەنداوی عومان.

گانتس دەڵێت: ئێران هەوڵ دەدات بۆ لێدان لە ژێرخانی ئیسرائیلی و هاووڵاتیانی ئیسرائیلی.

رۆژی هەینی رابردوو كەشتییەكی گواستنەوەی ئۆتۆمبێلی ئیسرائیلی لە كەنداوی عومان كرایە ئامانج.

هاوكات شەوی رابردوو فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل مۆڵگەكانی ئێران و حزبوڵڵای لوبنانیان لە باشوری دیمەشق لە سوریا بۆردومانكرد.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×