2021-03-01   479     
لەسەر پێشنیازی یەکێتیی ئەوروپا ئێران كۆبوونەوەی نافەرمی لەگەڵ ئەمریکا رەتدەکاتەوە، ئەمریکاش دەڵێت،"وەڵامەکەی ئێران بۆ ئەو پێشنیازە بێ هیوای کردووین."
ئاوێنە: وتەبێژێکی کۆشپی سپی رایگەیاند: "هەرچەندە وەڵامەکەی ئێران بێ هیوای کردووین، بەڵام لەپێناو بەدەستهێنانی گەڕانەوەیەکی هاوبەش بۆ نێو رێککەوتنی ئەتۆمی، ئامادەین هەنگاوی دیپلۆماسی بەرهەمدار بنێین."
ئەو گوتەبێژەی کۆشکی سپی دەڵێت واشنتن لەگەڵ هاوبەشەکانی و چوار ئەندامە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان کە پێکدێن لە چین، فەرەنسا، رووسیا و بەریتانیا، هەروەها ئەڵمانیا، گفتوگۆدەکاتەوە بۆ ئەوەی باشترین هەنگاوبنێن.
ئێران سوورە لەسەر ئەوەی، کە دەبێت ئەمریکا هەموو سزاکانی سەر ئێران لابدات، کە ئیدارەی ترەمپ بەسەر تاران سەپاندوونی، ئینجا پابەند دەبێت بە مادە و بڕگەکانی رێککەوتنی ئەتۆمی.
رۆژی چوارشەممە، هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا داوای لە ئێران کرد پێشنیازی کۆبوونەوەکە قبوڵبکات، ئێران جیا لەوەی پێشنیازەکە رەتدەکاتەوە، بەردەوامیشە لە پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمییەکەی.