لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل ژمارەیەک پلەداری فەیلەقی قودس کوژران
  2021-03-01       1289       
فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیل لە ‘سەیدە زەینەب’ی ناوەندی دیمەشق، هێزەکانی ئێرانیان کردە ئامانج، سوریا هێرشەکەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند چەند موشەکێکیان بێکاریگەری کردووە.

درەنگانی شەوی ڕابردوو، پێگەی هێزەکانی ئێران لە گەڕەکی سەیدە زەینەب لە ناوەندی شاری دیمەشقی پایتەخت، لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی سوپای ئیسرائیلەوە کرانە ئامانج.

تۆڕی ڕاگەیاندنی ‘کان’ی ئیسرائیل بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی سەربازی ڕایگەیاند: ئەو هێرشە بۆسەر هێزەکانی ئێران لە دیمەشق، لە تۆڵەی هێڕشەکەی ڕۆژی ٢٥ی ئەم مانگە بۆسەر کەشتییەکی ئیسرائیلی لە دەریای عومان ئەنجامدراوە.

ڕاگەیاندنەکانی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، ڕایانگەیاند: لەو هێرشەدا بنکەی سەرەکیی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە دیمەشق کراوەتە ئامانج و تێدا ژمارەیەک لە پلەدارەکانی ئەو هێزە کوژراون.

هەروەها ئاماژە بەوەکراوە کە دوای هێرشەکە، مەزارگەی سەیدە زەینەب لەلایەن چەکدارانی حزبوڵای لوبنانی و ملیشیاکانی سەربە ئێرانەوە گەمارۆدراوە و ڕێگە بە ڕاگەیەندنەکان نەدراوە بچنە ئەو شوێنە.

ئاژانسی فەرمی سوریا- سانا، ئەو هێرشەی پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند: سیستمی بەرگریی ئاسمانی سوریا توانیویەتی چەند موشەکێک لەسەر ئاسمانی دیمەشق بێکاریگەر بکاتەوە، جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل لەسەر بەرزاییەکانی جۆلانەوە دیمەشقیان کردووەتە ئامانج.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×