ئەمڕۆ یەکەم پشکنینی ڤایرۆسە گۆڕاوەکە لە سلێمانی ئەنجامدەدرێت
  2021-03-01       514       

ئاستی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا ڕووی لەزیادبوون کردووە، بەجۆرێک بووەتە دوو هێندە، کە وەک ڤایرۆسە گۆڕاوەکە لێیدەڕوانرێت و ئەمڕۆش یەکەم پشکنینی ڤایرۆسە گۆڕاوەکە لە سلێمانی ئەنجامدەدرێت.

ئاوێنه‌: نەجمەدین حەسەن، لێپرسراوی نووسینگەی سلێمانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی ڕاگەیاند، لەعیراق ڕێژەی تووشبوون بەکۆرۆنا ڕووی لەبەرزبوونەوە کردووە، لەهەرێمی کوردستانیش ڕووی لەزیادبوونکردووە، لەسلێمانیش بەهەمانشێوە سێ هەفتەیە ڕێژەکە ڕوو لەهەڵکشانە و بووەتە دوو هێندە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، ئەگەر هاوڵاتییان بەم شێوەیەی ئێستا خۆپارێزی بکەن، چاوەڕێدەکەن ڕێژەکە ڕوو لەزیادبوونبکات، بۆیە پێوستە ڕێکارەکانی خۆپارێزی زیادبکرێن.

ئەوەشی باسکرد، ئەم ڤایرۆسە نوێیە خێرا بڵاودەبیتەوە، بۆیە پێویستە ڕێکاری خۆپارێزی زیاتر بگیرێتەبەر، لەوەی دەمامک ببەسترێت و قەرەباڵغی دروستنەکرێت و ڕێکارەکانی دیکەش بگیرێتەبەر.
باسی لەئەوەشکرد، ئێستا وەزارەتی تەندروستی ئەم ڤایرۆسە وەک ڤایرۆسی گۆڕاو دەبینێت و لەهەولێریش حاڵەتی لێ تۆمارکراوە.

ئاماژەی بەئەوەشدا، هەزار کیت هاتووە بۆ سلێمانی بەمەبەستی پشکنینی ڤایرۆسە گۆڕاوەکە، بەڵام ئەمڕۆ لەسەر ئامێرەکە تاقیدەکەنەوە.


لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەسلێمانی تاکو ئێستا ٣١ هەزار و ٤٧٧ تووشبووی کۆرۆنا بەفەرمی تۆمارکراوە، کە لەو ڕێژەیە هەزار و ٧٠٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٢٩ هەزار و ٢٢٥ کەس چاکبوونەتەوە، لەئێستاشدا لەسەدا ١.٧ لەژێر چارەسەری پزیشکیدان.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×