2021-03-02   543     
بڕیاردهرى لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق ڕەتیدەکاتەوە ئەنجومەنی نوێنەران دەسەڵاتی دەستکاریکردنی نرخی دینار بەرامبەر بەدۆلاری هەبێت، دهشڵێت:"ئەوە لەدەسەڵاتی تایبەتی بانکی ناوەندیدایەو پەڕلەمانتاران ناتوانن لەوبارەیەوە هیچ بڕیارێك بدەن".
ئەحمەد سەفار بڕیاردهرى لیژنهى دارایی لهئهنجومهنى نوێنهران لەلێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا ئاشكرایكرد، "دیاریکردنی نرخی نوێی دینار لەسەر بنەمای بڕیارێکی حکومەتو بەدانوستان بوە لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتیی".
ڕونیشیکردهوه، ئەوان وەک ئەنجومەنی نوێنەران هیچ دەسەڵاتێکیان لەگۆڕینی بەهای دیناردا نییە، بۆیە ئەو قسانەی لەبارەی هەوڵی بەشێک لەکوتلە سیاسیەکان بۆ گەڕاندنەوەی بەهای دینار بۆ نرخەکەی پێشوی دەکرێت هیچ ئاکامێکیان نابێت.
ڕۆژی شەممەی ڕابردوو، حوسێن عیقابی ئەندام لیژنەی یاسایی پەڕلەمانی عێراق ڕایگەیاند، "بەشێک لەکوتلە سیاسییەکان هەوڵدەدەن نرخی گۆڕینەوەی دینار بەرامبەر بەدۆلار بۆ نرخە کۆنەکە بگێڕنەوە"، جەختیشیکردبۆوە، "زۆرینەی کوتلە سیاسییەکان لەگەڵ ئەوەدان نرخی نوێی دینار بەرامبەر بەدۆلار وەک خۆی بمێنێتەوە".