"نه‌مبینیووه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی یاسایی له‌سه‌ر هێنانی کەلوپەلی بەسەرچو لەخاڵە سنورییەکانەوە پێشكه‌ش بكرێت"
  2021-03-02       405       


بەڕێوەبەری گشتی گومركی هەرێم داهاتی مانگانەی گومرگ ئاشكرا دەكات و دەڵێت لەباشترین حاڵەتدا نەگەیشتووەتە 150 ملیار دینار مانگانە و نەئێستا و نە داهاتوو ناتوانرێت مووچەی فەرمانبەرانی پێ دابین بكرێت. ناوبراو ده‌ڵێت، "نه‌مبینیووه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی یاسایی له‌سه‌ر هێنانی کەلوپەلی بەسەرچو لەخاڵە سنورییەکانەوە پێشكه‌ش بكرێت".

ئاوێنه‌: بەڕێوەبەری گشتی گومركی هەرێم داهاتی مانگانەی گومرگی خاڵە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانی ئاشكراكرد ” لەباشترین حاڵەتدا نەگەیشتووەتە 150 ملیار دینار مانگانە وەكو دەروازە سنورییەكان من بەرپرسیارم لە گومرك بەڕاشكاوی ناتوانم لە داهاتەكانی تر قسە بكەم.”


دەربارەی دەنگۆی هێنانی کەلوپەلی بەسەرچوو لەخاڵە سنورییەکانەوە؟ ساماڵ عەبدولڕەحمان وتی، " له‌وانه‌یه‌ من نه‌توانم له‌گه‌ڵ هه‌ندێك پڕوپاگه‌نده‌ ئه‌گه‌ر بنه‌مایه‌كی یاسایی نه‌بێت زۆر لێكدانه‌وه‌ بكه‌م ئه‌مه‌ هه‌مووی ده‌وترێت كه‌هه‌یه‌ واده‌ڵێن به‌ڵام تائێستا من نه‌مبینیووه‌ به‌ڵگه‌یه‌كی یاسایی پێشكه‌ش بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر ئه‌و به‌ڵگه‌ یاساییه‌وه‌ هیچ قسه‌یه‌ك نه‌مێنێته‌وه‌ یان به‌دواداچوونێكی ورد بكه‌ین بۆ ئه‌م مه‌سه‌له‌یه‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ ده‌توانم بڵێم ده‌روازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان پڕوپاگەندەی زۆری بۆ ده‌كرێت كه‌كه‌لوپه‌لی بێ كواڵتی و كه‌لوپه‌لی له‌پشكنین ده‌رنه‌چوو هێنرابێت ناوانییه‌ من ئه‌وه‌ ڕه‌دده‌كه‌مه‌وه‌ تاقیگه‌ی زۆر پێشكه‌وتوو له‌ده‌روازه‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه‌، ئێمه‌ له‌ڕوانگه‌ی به‌رپرسیاریه‌تییه‌وه‌ ئه‌مه‌ ده‌ڵێم ئه‌و كه‌لوپه‌لانه‌ی له‌ده‌روازه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ دێت له‌وانه‌یه‌ یه‌كه‌م كه‌س كه‌سوكاری خۆمان به‌كاری بهێنێت جگه‌ له‌هاوڵاتیانی دیكه‌ بۆیه‌ ئێمه‌ زۆر په‌رۆشین كه‌نابێت هیچ كه‌لوپه‌لێك ئه‌گه‌ر له‌ڕووی كواڵتییه‌وه‌ هه‌م له‌ڕووی ته‌ندروستیه‌وه‌ به‌كه‌ڵك نه‌یه‌ت نابێت داخلی هه‌رێمی كوردستان بێت ئه‌گه‌ر حاڵه‌تێكی تر هه‌بێت له‌ڕێگه‌ی قاچاخه‌وه‌ داخل بێت وه‌كو وتم ئه‌وه‌ په‌یوه‌ندی به‌منه‌وه‌ نییه‌ ئه‌وه‌ هێز پێکدەهێنرێت بۆئه‌وه‌ی كۆتایی به‌و مه‌سه‌له‌یه‌ بهێنرێت."

ساماڵ عەبدولڕەحمان ئەوەشی وت، "هه‌تاوه‌كو ده‌ستنیشانی كه‌موكورتییه‌كه‌ نه‌كرێت من ناتوانم قسه‌ی له‌سه‌ر بكه‌م چونكه‌ من به‌ش به‌حاڵی خۆم له‌ناو سیسته‌می گومرگیدا خه‌له‌لێكی وا به‌دی ناكه‌م هه‌موو داهاته‌كان به‌پێی ئه‌و پێناسه‌ یه‌كگرتووه‌ی كه‌ له‌ناو عێراقیشدا جێبه‌جێ ده‌كرێت له‌هه‌موو خاڵه‌ سنوریه‌كانه‌وه‌ وه‌كو یه‌ك جێبه‌جێ ده‌كرێت ناتوانم بڵێم كه‌موكوڕی نییه‌، كه‌موكوڕی هه‌یه‌ ئه‌وه‌ سروشتی گومرگ و ده‌روازه‌ و هه‌موو ده‌وڵه‌تێكه‌ له‌جیهاندا به‌ڵام ده‌توانم بڵێم ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌چاو ده‌روازه‌ سنورییه‌كانی تری عێراق له‌بارودۆخێكی زۆر باشدایه‌."

ساماڵ عەبدولڕەحمان بەڕێوەبەری گشتی گومركی هەرێم بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە، هەموو ئەو داهاتانەی كە لەهەموو دەروازە سنورییەكانی هەرێمی كوردستانەوە پەیدادەبێت هەمووی دەگەڕێتەوە خەزێنەكانی وەزارەتی دارایی و ئابوری.

دەشڵێت، داهاتی دەروازە سنورییەكان لەدەستی وەزارەتی دارایی و ئابوریدان لەخوار ئەوانیشەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی گومرك سەرپەرشتی سەرجەم گومرگەكانی هەرێمی كوردستان دەكات.

سەبارەت بەشێوازی كۆكردنەوەی ئەو داهاتانە بەڕێوەبەری گشتی گومرگی هەرێم دەڵێت” بێگومان وەزارەتی دارایی و ئابوری هەمووی ژمارە حساب هەیە داهاتەكان ئێستا لەهەموو دەروازە سنورییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان گومرك وەرناگیرێت بەڵكو بانكەكان وەریدەگرن بانكەكانیش بەستراونەتەوە بەبانكی شار و شارۆچكەكانەوە لەوانیشەوە بۆ خەزێنەكان دەگەڕێتەوە وەزارەتی دارایی و ئابوری.”

وتوشیەتی، بەپێی ئەو ئامارانەی كە ئێستا لای منە ناتوانرێت بە داهاتی گومرك مووچە دابین بكرێت، لەبەرئەوەی مووچەی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 800- 900 ملیار دینار تائێستا دەروازە سنورییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەباشترین حاڵەتدا 200-250 ملیاری نەبووە ئەی باشە لەكوێوە دەتوانێت مووچەی 850 هەزار فەرمانبەر پەیدا بكات؟!

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×