وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە باڵیۆزانی تورکیا و ئێران تووڕەیە
  2021-03-02       425       

وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەڵوێستی حکومەتی عێراق لەسەر لێدوانی باڵیۆزانی ئەنقەرە و تاران لە بەغدا ئاشکرا دەکات و دەڵێت، پێچەوانەی نۆرمە نێودەوڵەتیەکانەو ڕەتکراوەیە، داواش لە نێردە دیبلۆماسیەکان دەکات پابەندبن بە پەیماننامەی ڤیەننا بۆ رێکخستنی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەتان.

ئەحمەد سەحاف، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفزیۆنیدا، لەسەر لێدوان و گرژییەکانی نێوان باڵیۆزانی ئەنقەرە و تاران لە بەغدا وتی، دەکرێت چەند هەنگاوێک بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم پرسەدا بنێن بەبێ ئەوەی پەنا بۆ بانگ کردن و لێپرسینەوە ببەن، دەشڵێت: کەسانێک هەن پێیانوایە هەنگاوی یەکەم دەبێت لە ڕێگەی بانگکردن و گەیاندنی یاداشتی ناڕەزاییەوە بێت، بەڵام دەکرێت ئەو کەیسە لە چوارچێوەی دیپلۆماسیدا چارەسەر بکرێت کە لە دەرەوەی بانگکردن و گەیاندنی یاداشتی ناڕەزایی.

سەحاف دوپاتیدەکاتەوە حکومەت دەتوانێت بەرگری لە سەروەری و یەک پارچەیی خاکی عێراق بکات، هەروەها وەزارەتی دەرەوەش هەر جۆرە دەستوەردانێکی نێردە دیبلۆماسیەکان لە کاروباری ناوخۆی عێراق ڕەتدەکاتەوە.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە داواشی لە نێردە نێودەوڵەتیەکان کرد لە عێراق، پابەند بن بە ڕێککەوتننامەی ڤیەننا بۆ ڕێکخستنی پەیوەندییەکانی وڵاتان، ئەوەش یەکەم هەڵوێستی فەرمی عێراق لە دوای ئەو لێدوانە توندانەی باڵیۆزانی ئەنقەرە و تاران لە بەغدا لەسەر کاروباری عێراق و پێیوایە سەروەری عێراق پەیوەندی بە ناوخۆی وڵاتەکەوە هەیەو پێویستی بە هیچ دەنگێکی دەرەکی نییە بەرگری لێ بکات.

پەیماننامەی ڤیەننا بۆ ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان وڵاتان لەسەر دوو بنەما بۆ نێردە دیبلۆماسیەکان دیاریدەکات، بۆ ئەوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان لە بەر چاو بگیرێت و دەست لە کاروباری یەکتر وەرنەدەن.

پەیماننامەی ڤییەنا بۆ پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان کە لە ٥٤٣ مدە پێکدێت، لە ساڵی ١٩٦١ دەرچووە، کۆنونسوێکی نێونەتەوەییە کە ڕێوشوێن و کۆنترۆڵ بۆ کاری دیپلۆماسی نێوان دەوڵەتەکان دیاریدەکات و ماف و ئەرکی نێردە دیپلۆماسییەکان دیاری دەکات.

پەیماننامەکە بڕوای وایە پەیماننامەیەکی نێودەوڵەتی لەسەر پەیوەندی و ئیمتیازات و بەرگرییە دیپلۆماسییەکان یارمەتیدەر دەبێت بۆ پێشخستنی دۆستایەتی نێوان وڵاتان، هەر چەندە سیستەمە دەستووری و کۆمەڵایەتییەکانیان جیاواز بن، ئەوەش بۆ ئەوەیە ئەرکە دیپلۆماسییەکان بە باشترین شێوە وەک نوێنەری وڵاتەکانی خۆیان ئەرکەکانیان جێبەجێ بکەن.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×