مانگی‌ ڕابردو عێراق به‌بڕی‌ زیاتر له‌ 5 ملیار دۆلار نه‌وتی‌ فرۆشتووه‌
  2021-03-02       294       
مانگی‌ ڕابردو حكومه‌تی‌ عێراق 82 ملیۆن‌و 877 هەزارو 757 بەرمیل نەوتی هەناردە کردووەو داهاته‌كه‌شی‌ گه‌یشتۆته‌ پێنج ملیارو 27 هەزار دۆلار.

ئاوێنه‌: له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا وەزارەتی نەوتی عێراق بڕی‌ هەناردەو داهاتی نەوتی بۆ مانگی شوبات راگەیاند، به‌پێی‌ ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، لەو مانگەدا 82 ملیۆن‌و 877 هەزارو 757 بەرمیل نەوتی هەناردە کراوەو تێکڕا رۆژانە 2.960 ملیۆن بەرمیل نەوتی فرۆشتووە.

بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی نەوتی عێراق، هەناردەی نەوت لەمانگی شوبات بەراورد بەمانگی کانونی دووەم رۆژانە 92 هەزار بەرمیل زیادیکردووە.
 
لەکێڵگە نەوتییەکانی باشورو ناوەڕاستی عێراق کۆی هەناردەی نەوت 79 ملیۆن‌و 105 هەزارو 329 بەرمیل بووەو لەکێڵگەکانی کەرکووکیش سێ ملیۆن‌و 727 هەزارو 428 بەرمیل، کە لەڕێگەی بۆریی نەوتی هەرێمی کوردستانەوە هەناردەی بەندەری جەیهانی تورکیا کراوە.
 
له‌ڕاگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌، بەرمیلێک نەوت لەمانگی شوبات تێکڕا بە 60 دۆلارو 33 سەنت فرۆشراوەو کۆی داهاتەکەشی پێنج ملیارو 27 هەزار دۆلارە.
 
زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×