لاهور شێخ جەنگی: حكومەت داوای ئازادكردنی سێ كەس دەكات كە لەسەر پەلاماردانی دكتۆر غالب دەستگیركراون
  2021-03-03       2126       

لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی دەڵێت، حكومەتی هەرێم بە ئاشكراو بەهەڕەشەكردن داوای ئازادكردنی سێ ئەفسەری دەزگایەكی هەواڵگری هەرێم دەكات كە لەسەر كەیسی پەلاماردانی پەرلەمانتار غالب محەمەد دەستگیركراون.

ئاوێنە: لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە تویتێكدا رایگەیاند"هەر ئەو حکومەتەی کە لە کەیسی دەستگیرکردنی (٥) چالاکوانەکەی بادینان داوای لە هەمو لایەنەکان دەکرد کە دەستوەردان لە کاروباری دادگا نەکەن، کەچی هەمان حکومەت بەئاشکرا و بە هەڕەشەکردن داوای ئازادکردنی (٣) ئەفسەری دەزگایەکی هەواڵگریی هەرێم دەکات کە لەسەر کەیسی پەلاماردانی پەرلەمانتار غالب محەمەد دەستگیرکراون."

هاوسەرۆكی یەكێتی ئەوەشی خستۆتەڕو"دەستیان داوەتە کاروباری دادگا بۆ ئەوەی ئەو سێ کەسە ئازادبکرێن و کەیسەکە دیزە بە دەرخونە بکرێت، بۆیە سەرۆکی حکومەت لێرەوە پێت دەڵێم تۆ بەتەواوەتی متمانەت لەدەستداوە ئەگینا ئەمەت قبوڵ نەدەکرد."

رۆژی 26ی مانگی رابردو لەبەردەم ماڵەکەی خۆی لەسلێمانی، كەسێك بەچەقۆ هێرشیکردە سەر د. غالب محەمەد ئەندامی فراکسیۆنی هیوا لەئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق‌و برینداری کرد.

 

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×