تەندروستی هەرێم بەڕەسمی بڕیاری بەكارهێنانی ڤاكسینە چینییەكەی دەركرد
  2021-03-03       315       

وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان بەڕەسمی بڕیاری بەكارهێنان و دابەشكردنی ڤاكسینی سینۆفارمی چینی دەركردو دەڵێت: لە ئەمڕۆوە وەك قۆناغی یەكەم دەتوانرێت بۆ كوتانی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی بەكاربهێنرێت.

ئاوێنە: د. ئاسۆ حەوێزی، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە راگەیەندراوێكدا وتی، وەزارەتەكەیان بەڕەسمی بڕیاری دابەشکردن و  پێدان و بەکارهێنانی ڤاکسینی کۆڕۆنای دا کە لەلایەن سەنتەرەکانی وەرگرتنی پێکوتە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لە ئەمڕۆوە دەتواندرێت بەکاربهێنرێت وەکو قۆناغی یەکەم بۆ کوتانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستی هێڵی پێشەوە لە نەخۆشخانەکان و سەنتەرەکانی بەرەنگاربونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەپێی رێنمایی و پلانی نیشتمانی داڕێژراو.

ئاماژەی بەوەشداوە كە ڤاکسینی جۆری سینۆفاڕمی چینی کە بەشێوەی بەخشین لەلایەن کۆماری چین بە بڕی پێنج هەزار ژەم بۆ هەرێمی کوردستان دابینکراوە، دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بەپێی نوسراوی وەزارەتی تەندروستی پاڵپشت بە پلانی نیشتمانی و رێكارەكانی دەستنیشانکراو.

بەرلەوە وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان چەند رێكارێكی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستیی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان، ئیدارەی راپەڕین و کۆیە كردوە داوایان لێدەکات نوێنەری رێگەپێدراویان بنێرن بۆ وەرگرتنی بەشە ڤاکسینی بەڕێوەبەرایەتییەکانیان بەپێی خشتەی پلانی دابەشکردن.

هەروەها لەنوسراوەكەیدا وەزارەتی تەندروستی هێمای بۆ ئەوە كردوە كە پێویستە كاروانی یەكەمی ڤاكسینەكە بۆ تەمەنی 50-60 ساڵان بەكاربهێنرێت لە میلاكی پزیشكی و تەندروستی. 
هەروەك داواشی كردوە كە رەچاوی پارێزگاریكردن لە هەڵگرتنی نیوەی ژمارەی بڕی ڤاكسینەكە بكرێت بۆ مسۆگەركردنی پێدانی ژەمی دوەم لەكاتی دیاریكراودا.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×